هەموو شتێک بزانە؛ سانچۆ پەیوەندی بە کام یانە دەکات؟
ئەستێرەکە لە جێهێشتنی مانچێستەر یونایتد سوورە

یاریگا –
جەیدن سانچۆ هیچ هیوایەکی بە کارکردن لەگەڵ روبن ئامۆریم لە مانچێستەر یونایتد نەماوە و دەیەوێت ئۆڵدترافۆرد جێبهێڵێت.
رۆژنامەی میرەر بڵاویکردووەتەوە، یانەکانی ئاستۆن ڤیلا، تۆتنهام و نیوکاسڵ یونایتد لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سانچۆ دەکەن. ئاستۆن ڤیلا دەیەوێت بەخواستن سانچۆ بۆ ماوەی یەک وەرز بگوازێتەوە و سیناریۆی مارکوس راشفۆرد دووبارەبکاتەوە.
مان یونایتد دەیەوێت بەتەواوی دەستبەردار سانچۆ ببێت، چونکە پێویستیان بە پارەیە تاوەکو وەبەرهێنان لە یانەکەدا بکەن. مانچێستەر یونایتد تاوەکو ئێستا ماتیوس کونیای بەبڕی 62.5 ملیۆن پاوەند گواستووەتەوە و خەریکە بە پارەیەکی زۆر بڕاین ئێمبوێمۆش لە برێنتفۆرد دەگوازێتەوە.
سانچۆ دەیەوێت پەیوەندی بە یانەیەکی بەشدار لە چامپیۆنزلیگ بکات، تۆتنهام یەکێکە لەو یانانەی خەریکی خۆرێکخستنەوەیە و پێکهاتەکەی نوێدەکاتەوە.
لە وەرزی رابردوودا سانچۆ بە خواستن یاریی بۆ چێڵسی کرد و لەگەڵ کەتیبە شینەکەی لەندەن بووە پاڵەوانی کۆنفرانس لیگ، هەروەها گەیشتنە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.
ئەستێرە ئینگلیزییەکە تەنیا پێنج گۆڵ و 10 ئەسیستی لەگەڵ تیمەکەی ئێنزۆ مارێسکا هەبوو.
سانچۆ بەبڕی 73 ملیۆن پاوەند لە بۆڕووسیا دۆرتموندەوە پەیوەندی بە مان یونایتد کرد، بەڵام نەیتوانی ئاستی چاوەڕوانکراو پێشکەش بکات.