لیڤەرپوول ئەستێرەیەکی پاریس سانجێرمان بە 100 ملیۆن پاوەند دەگوازێتەوە
شۆڕشی گواستنەوەکانی لیڤەرپوول بەردەوامە و سڵۆت چاوی لە گۆڕانکاری گەورەیە

یاریگا –
لیڤەرپوول ئامادەیە دەستبەرداری سێ ئەستێرە ببێت، تاوەکو بڕادلی بارکۆلا، ئەستێرەی لاوی پاریس سانجێرمان بگوازێتەوە.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرپوول سوورە لەسەر گواستنەوەی تەواو ئامانجەکانی مێرکاتۆی ئەم هاوینە، تاوەکو ببێتە رکابەری گەورەی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ.
لیڤەرپوول لە تەواوکردنی گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی بایەر لیڤەرکوزن بەبڕی 127 ملیۆن پاوەند نزیکە و ئێستا رۆژنامە بەریتانییەکە دووپاتیدەکاتەوە، لیڤەرپوول دەیەوێت بەبڕی 100 ملیۆن پاوەند، بارکۆلا لە پاریسەوە بگوازێتەوە ریزەکانی.
سەرەڕای فراوانبوونی بازنەی گرنگییەکانی لیڤەرپوول، بەڵام ئالێکساندەر ئیزاک، ئەستێرەی نیوکاسڵ تاوەکو ئێستا جێی گرنگی ئارنە سڵۆت، راهێنەری لیڤەرپوولە.
گرانی بەهای ئیزاک رێگرە لەبەردەم گواستنەوەی بۆ ئانفیڵد، چونکە نیوکاسڵ داوای بڕی 150 ملیۆن پاوەند دەکات، بەڵام رێدز ئامادەنییە ئەو بڕە پارەیە خەرج بکات.
تاوەکو ئێستا لیڤەرپوول تەنیا جێرێمی فریمپۆنگی بە 29.5 ملیۆن پاوەند گواستووەتەوە، لەوانەیە لە چەند رۆژی داهاتووش میلۆس کێرکێز، بەرگریکاری باڵی چەپی بۆرنمس بە 40 ملیۆن پاوەند بگوازێتەوە.
بارکۆلا ئامانجی سەرەکی بایرن میونشنە و یاریزانە فەڕەنسییەکە لە بوونی بە پلانی دووەمی لویس ئێنریکێ لە پارک دۆ پرێنس ناڕازییە و ئامادەیە کاروانەکەی لە شوێنێکی دیکە تەواوبکات.
سانجێرمان بارکۆلا بەبڕی 38 ملیۆن پاوەند لە هاوینی ساڵی 2023 لە لیۆن گواستەوە ریزەکانی.
لیڤەرپوول بۆ گواستنەوەی سەرجەم ئامانجەکانی ئەم هاوینە، ئامادەیە دەستبەرداری داروین نونێز، دیۆگۆ جۆتا و لویس دیاز ببێت.