هێشتا دوو دەرفەتی ماوە؛ عێراق چۆن دەگاتە مۆندیالی 2026؟
عێراق لە قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنی ئاسیا ململانێی قەتەڕ و سعوودیە دەکات

یاریگا –
دوای ئەوەی عێراق نەیتوانی راستەوخۆ بلیتێکی مۆندیالی 2026 بەدەست بهێنێت، لە قۆناخی پاشکۆ هەوڵ بۆ ئەو دوو بلیتە دەدات کە راستەوخۆ دەیگەیەنێتە مۆندیالی ئەمریکا، ئەگەر لە قۆناخی پاشکۆش سەرنەکەوێت هێشتا تروسکاییەکی دەمێنێت.
هێشتا شێرەکانی رافیدەین دوو دەرفەتیان لە بەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی بگەنە مۆندیالی 2026، گەرچی شەش بلیتی کیشوەرەکە یەکلایی بووەتەوە، بەڵام هێشتا دوو بلیت و نیو ماوە و عێراق دوو رێگای دیکەی لەبەردەمە بۆ ئەوەی بگاتە ئەمریکا.
چۆن لە قۆناخی پاشکۆ شەش هەڵبژاردە دوو بلیتەکەی دیکە یەکلایی دەکەنەوە؟
لە قۆناخی چوارەمی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 شەش هەڵبژاردە ماون، هەریەکە لە سعوودیە، قەتەڕ، عێراق، ئیمارات، عومان، ئیندۆنیزیا ململانێ لەسەر دوو بلیتەکەی دیکەی کیشوەری ئاسیا دەکەن، چونکە شەش بلیت یەکلایی بوونەتەوە.
هەریەکە لە ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئێران، ئوردن، ئۆزباکستان، ئوستڕالیا گەیشتنیان بە مۆندیالی 2026 یەکلایی بووەتەوە، ئێستا دوو بلیت و نیو ماونەتەوە بۆ ئەوەی عێراق ململانێیان بۆ بکات.
ئەو شەش هەڵبژاردەیەی گەیشتوونەتە قۆناخی پاشکۆ بەگوێرەی پۆڵێنیان دابەشی سەر دوو کۆمەڵە دەکرێن، یارییەکانی هەر کۆمەڵەیەک لە وڵاتێک دەکرێت، گەرچی هێشتا بەفەرمی رانەگەیەنراوە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لەبەر ئەوەی عێراق و سعوودیە لە پۆڵێنی فیفا لە سەرووی هەر شەش هەڵبژاردەکەن، هەریەکەیان میوانداریی یارییەکانی کۆمەڵەیەک دەکات.
رۆژی 17ـی مانگی داهاتوو تیروپشک بۆ قۆناخی پاشکۆ دەکرێت، کە یارییەکانی پاشکۆ رۆژانی 8 و 11 و 14ـی ئۆکتۆبەر دەکرێن، پێشەنگی هەردوو کۆمەڵە دوو بلیتەکەی دیکەی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بەدەست دەهێنن، کە ئەمجارە عێراق 8 کورسی و نیوی لە مۆندیال هەیە.
نیو کورسییەکەی ئاسیا لە مۆندیالی 2026 چۆن یەکلایی دەکرێتەوە؟
ئەگەر عێراق لە قۆناخی پاشکۆ نەتوانێت یەکەمی ئەو دوو کۆمەڵەیە بەدەست بهێنێت و دوو بلیتەکەی دیکەشی لەکیس بچێت، ئەوا هێشتا ترووسکاییەکی بچووک دەمێنێت بۆ ئەوەی شەڕی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بکات، بەڵام بەو مەرجەی پلەی دووەمی یەکێک لەو دوو کۆمەڵەیە بەدەست بهێنێت، ئەگەر پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت ئەوا بە تەواوەتی لە گەیشتن بە مۆندیال بێ هیوا دەبێت.
ئەگەر عێراق لەو دوو کۆمەڵەیەی قۆناخی پاشکۆ پلەی دووەم بەدەست بهێنێت، ئەوا لەگەڵ دووەمی کۆمەڵەکەی دیکە رووبەڕوو دەبنەوە بۆ ئەوەی یەکلایی بکەنەوە کامیان نوێنەرایەتی ئاسیا دەکات بۆ بەدەستهێنانی نیو کورسییەکەی کیشوەرەکە، دوای ئەوەی لە نێوان دووەمی هەردوو کۆمەڵەکە براوە یەکلایی بووەوە، ئەو هەڵبژاردەیەی سەردەکەوێت رووبەڕووی هەڵبژاردەیەکی ئەمریکای باشوور یان ئۆقیانووسیا دەبێتەوە، بۆ ئەوەی کورسییەک لە نێوان کیشوەرەکان یەکلایی بکەنەوە.
عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال
عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال ئەویش لە مۆندیالی 1986 بوو، ئەحمەد رازی و هاوڕێیەکانی توانیان لە پاڵاوتنەکان بلیتێکی مۆندیالەکەی مەکسیک بەدەست بهێنن و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداریی مۆندیالیان کرد.
عێراق لەو مۆندیالە لەکۆی سێ یاری نەیتوانی هیچ یەکسان و بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت و هەر سێ یارییەکەی بەرامبەر مەکسیک و پاراگوای و بەلجیکا دۆڕاند و چوار گۆڵی لێکرا و تەنیا گۆڵێکی کرد، ئەو گۆڵە مێژووییەش لەلایەن ئەحمەد رازی لە خولەکی 59 لە یاریی بەرامبەر بەلجیکا تۆمارکرا.