ئیسپانیا

چارەنووسی سێبایۆس لە ریال مەدرید چی بەسەردێت؟

هاوکێشەکەی لە هەمووکات ئاڵۆزترە...

Yariga App

یاریگا –

تا ئێستا داهاتووی دانی سێبایۆس لە ریال مەدرید نادیارە. گرێبەستەکەی تا ساڵی 2027 درێژکردەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنی چابی ئاڵۆنسۆ پێویستە پێگەی خۆی لە یانەکە بسەلمێنێت.

چیرۆکی سێبایۆس لە ریال مەدرید وەک چەرخ و فەلەک وایە، هەر جارێک کە پێدەچێت شوێنی خۆی لە پێکهاتە دۆزیبێتەوە، پێکانێک، بڕیارێکی تەکنیکی یان گۆڕانکاری لە بارودۆخەکاندا دەیهێنێتەوە خاڵی سەرەتا. هەروەها وەرزی 2024/2025 پڕ بووە لە ئاڵنگاری بۆی. دوایین پێکانەکەی لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ریال سۆسیداد، بەهۆی پێکدادانی لەگەڵ تاک کوبۆ، وایکرد بۆ ماوەی دوو مانگ لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە. پێکانەکە لە کاتێکدا بوو کە سێبایۆس لە ئاستێکی بەرزدا بوو و متمانەی کارلۆ ئانچێلۆتی بەدەستهێنابوو. 41 یاری و 1988 خولەک لە یاریگادا بووە، بەڵام تەنیا 8 یاریی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بووە.

ئێستا کە ئانچێلۆتی نەماوە و ئاڵۆنسۆ شوێنی گرتووەتەوە، داهاتووی سێبایۆس زیاتر نادیارە. ئاڵۆنسۆی راهێنەری نوێ هەوڵدەدات گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی یاریساز و رێکخەر واژۆ بکات، بەتایبەتی مارتن زوبمێندی کە رێک لە پێگەی سێبایۆس یاری دەکات. هەروەها هەبوونی یاریزانانی وەک فێدریکۆ ڤالڤێردی و ئۆریلیان چوامینی و ئێدواردۆ کاماڤینگا رکابەریکردنی قورستر دەکات. لەم نێوەندەدا، سێبایۆس کە تەمەنی 28 ساڵە، چیتر بەهرەمەندێکی گەنج نییە، بەڵام ئەو لە قۆناخی سەرەکی ژیانی وەرزشیدادایە و بەدوای ئەوەدایە جێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیدا بکاتەوە. بەڵام دەرکەوتنی ئاردا گولەر وەک بژاردەیەکی نوێ لە هێڵی ناوەڕاستدا هەلەکانی کەمکردووەتەوە.

سێبایۆس بە رەتکردنەوەی ئۆفەرە وەسوەسەئامێزەکان و درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی دەریخست کە بڕیارە لە ریال مەدرید سەرکەوتوو بێت. بەهای لە بازاڕ بەگوێڕەی زانیارییەکانی ترانسفێرمارکت گەیشتووەتە 10 ملیۆن یۆرۆ، کە بەرزترین ئاستی لە ساڵی 2023ـەوەیە، بەڵام پێویستی بە درەوشاوەیی زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی شوێنی خۆی بکاتەوە. بەهۆی پێکان و کێبڕکێی سەختەوە داهاتووی ئاڵۆزتر کردووە، سێبایۆس رووبەڕووی ئالبگارییەکی گەورە دەبێتەوە: پێگەی خۆی لە ریال مەدریدی چابی ئاڵۆنسۆ بسەلمێنێت، یان مەترسی لەدەستدانی پێگەی لە پێکهاتە لەو تیپەی کە هەموو شتێکی پێبەخشیوە.

چاوەڕێ دەکرێت بزانین ئاڵۆنسۆ چۆن مەتەڵی سێبایۆس لە پێکهاتەکەیدا چارەسەر دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button