دی یۆنگ: بارسیلۆناش وەک من بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم بە پەرۆشە

یاریگا –
فرێنکی دی یۆنگ، ناوەڕاستکارەکەی بارسێلۆنا دەڵێت، یانەکەشی وەکو خۆی ئارەزووی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەکات.
فرێنکی دی یۆنگ لە چەند رۆژی رابردوودا جارێکی دیکە باسی داهاتووی خۆی کرد، لە لێدوانێکیدا بۆ موندۆ دیپۆرتیڤۆ، جەختی لەوە کردەوە کە بەم نزیکانە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە کاتالۆنییەکە نوێ دەکرێتەوە. هەروەها پێی وایە، سەرەڕای ئەو ستایشانەی دەکرێت، ئەم وەرزە باشترین وەرزی ئەو لە بارسا نەبووە.
دی یۆنگ کە گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا تا 30ی حوزەیرانی 2026 بەردەوام دەبێت، گوتی:
من چاوەڕێی درێژ کردنەوەی گرێبەستەکەمم و یانەکەش بەهەمان شێوە، بە شێوەیەکی گشتی لەم بارودۆخانەدا رێککەوتن ئاسانتر دەبێت، هیوادارین بەم زووانە ئەمە رووبدات.
لە هەڵسەنگاندنی وەرزی رابردوودا، دی یۆنگ لەگەڵ ئەو کەسانەدا ناکۆکە کە بە باشترین ساڵی خۆی لە بارسێلۆنا دەیزانن و دەڵێت:
“ئەوە باشترین ساڵی من نەبوو، خەڵک حەز دەکەن زیادەڕەوی بکەن، بێگومان من بۆ ماوەیەک بەهۆی پێکانەوە لە پاژنەی پێم دوورکەوتبوومەوە، بەڵام پێش ئەوە یارییەکی باشم دەکرد، جیاوازییە گەورەکە ئەوەیە کە ئێستا تیپێکی باشترمان هەیە، ئەوە روونە. تەنانەت بە شێوەیەکی تایبەت پێموایە وەرزی پێش پێکانەکەم لە باشترین فۆرمدا بووم. بەڵام کاتێک هەموو جامەکانی ئیسپانیا دەبەیتەوە و دەگەیتە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بە سروشتی زیاتر دەبینرێیت”.
بەگوێرەی هەندێ هەواڵ، دەبێت هەموو شتێک یەکلایی بکرێتەوە دوای ئەوەی دی یۆنگ گرێبەستەکەی لەگەڵ عەلی دورسۆنی بەڕێوەبەری کارەکانی هەڵبوەشێنێتەوە. دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی و خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە، نوێکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگیان کردووەتە لە پێشینەی کارەکان، چونکە یەکێک لە سیاسەتە توندەکانی بلاوگرانا ئەوەیە کە هیچ یاریزانێک لە پێکهاتەکەدا وەرزی نوێ دەستپێناکات کاتێک تەنیا ساڵێک لە گرێبەستەکەیدا مابێت.