
یاریگا –
حکومەتی ئیتاڵیا لەڕێگەی یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکە، دەیەوێت یاسایەک لە بەرژەوەندی یانە گەورەکانی سێریا ئەی دەربکات.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکە دەیەوێت گۆڕانکاری گەورە لە فرۆشتنی مافی پەخشی یارییەکاندا بکات و ئەمجارە، یانەکان دەبنە خاوەنی مافی فرۆشتنی چەند یارییەک، ئەمەش بەگوێرەی پڕۆژەیاسایەک کە ئێستا ئامادەکراوە.
لە ساڵی 2008 سێریا ئەی یاسای ‘نەبوونی یەک کڕیار’ی بەسەر یانەکاندا سەپاند، تاوەکو رێگری لە قۆرخکاری بکات، ئەوکاتە یانەکان لەسەر فرۆشتنی تەواوی یارییەکان بەکۆمەڵ رێککەوتن.
مافی پەخشی یارییەکان، گەورەترین داهات بۆ یانەکانی خولەکانی ئەوروپا کۆدەکەنەوە و بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سێریا ئەی پلانێکی هاوشێوەی داناوە، بەڵام کەمێک لە خولەکانی دیکەی ئەوروپا جیاوازە.
سێریا ئەی گرێبەستی گواستنەوەی پەخشی یارییەکانی خولەکەی لەگەڵ پلاتفۆڕمی دازن (DAZN) و کۆمپانیای سکای (CMCSA.O) تاوەکو کۆتاییهاتنی وەرزی 2028-29 هەیە. دازن تەواوی یارییەکانی خولەکە دەگوازێتەوە و سکای بەشێک لە یارییەکان بە هاوبەشی دەگوازێتەوە.
بەهای گواستنەوەی پەخشی یارییەکان دەگاتە نیوەی داهاتی پرێمەرلیگ، کە ئەویش بە هەمان یاسای ‘نەبوونی یەک کڕیار’ کار دەکات.
ساڵی رابردوو بۆندسلیگا یاسای ‘بوونی یەک کڕیار’ی رەتکردەوە، بەگوێرەی داتاکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا ‘UEFA’، بەهای گواستنەوەی پەخشی یارییەکانی بۆندسلیگا گەیشتووەتە 1.1 ملیار یۆرۆ.
بەگوێرەی پڕۆژە یاسای حکومەتی ئیتاڵیا، رێژەی قازانجی یانەکانی سێریا ئەی لە پەخشی گواستنەوەی یارییەکان لە 50% بۆ رێژەیەکی دیکە بۆ تەواوی یانەکان زیاد دەکرێت.
لە خاڵێکی دیکەی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، ئەو یانانەی گرنگی بە یاریزانی لاوی ئیتاڵی دەدەن، رێژەی قازانجییان زیاتر دەبێت.