
یاریگا –
سێریا ئەی کە گەورەترین خولی ئیتاڵیایە دەیەوێت یارییەکی نێوان میلان و کۆمۆ لە ئوسترالیا رێکبخات.
بەرپرسانی باڵای خولەکە دەیانەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژووی خولەکانی ئەوروپادا، یارییەکی خولەکە لە دەرەوەی ئەوروپا رێکبخات و گفتوگۆکان لەبارەی وادە و شوێنی یارییەکەش کراوە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، سێریا ئەی دەیەوێت، یاریی نێوان میلان و کۆمۆ لە شوبات/فێبرایەری داهاتوو لە شاری پێرس، ئوسترالیا بکات.
بڕیارە یارییەکە لە 7-8ی مانگی فێبرایەر لە سان سیرۆ بکرێت، بەڵام بەهۆی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵێمپیادی زستانەی میلانۆ کۆرتینا، بیرۆکەی گواستنەوەی یارییەکە بۆ دەرەوەی ئیتاڵیا دروستبووە.
پێشتر بەڕێوەچوونی یارییەکانی خول لە دەرەوە وڵات قەدەخەبوو، بەڵام لە ئەپریل/نیسانی رابردوو، کۆمەڵێک رێکخراوی وەرزشی، لەڕێگەی دادگا کەیسەکەیان یەکلاییکردەوە و لە ئایار/مایسی 2024، فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ پڕۆژەکەی پەسندکرد.