ئه‌ڵمانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

دوایین پەرەسەندن؛ لیرۆی سانێ لەم هاوینە دەچێتە کامە یانە؟

تاوەکو دوای مۆندیالی یانەکان چاوەڕێ دەکات ئینجا بڕیاری خۆی دەدات

Yariga App

یاریگا –

یانەی گاڵاتەسەرای تورکی بۆ گواستنەوەی لیرۆی سانێ یاریزانی بایرن میونشن هاتووەتە سەر هێڵ و دەیەوێت بە زووترین کات ئەو یاریزانە ئەڵمانییە بباتە ریزەکانی، بەڵام یاریزانە ئەڵمانییەکە هێشتا چاوی لە ئارسیناڵە، بڕیارەکەی بۆ دوای مۆندیالی یانەکان دوا دەخات.

ساچا تاڤۆلیێری رۆژنامەنووسی بەلجیکی ئاشکرایکردووە، گاڵاتەسەرای بەفەرمی دەستی بە گفتوگۆکانی کردووە بۆ ئەوەی لیرۆی سانێ لە بایرن میونشنەوە بباتە ریزەکانی، لەکاتێکدا جگە لە گاڵاتەسەرای هەر لە تورکیا یانەی فێنارباهچێش دەیەوێت سانێ بباتە ریزەکانی.

ساچا تاڤۆلیێری راشیگەیاندووە، هێشتا ئارسیناڵ بە تەواوەتی لە گواستنەوەی سانێ نەکشاوەتەوە و هێشتا گفتوگۆیەکان لە نێوان یانە لەندەنییەکە و سانێ بەردەوامن.

رۆژنامەی بیڵد ـی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، لیرۆی سانێ دەیەوێت لە چەند رۆژی داهاتوو چارەنووسی خۆی یەکلایی بکاتەوە کە کۆتایی ئەم مانگە گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن کۆتایی دێت و دەبێتە یاریزانێکی سەربەست و بە گرێبەستێکی ئازاد دەتوانێت پەیوەندی بە هەر یانەیەکەوە بکات.

رۆژنامە ئەڵمانییەکە رایگەیاندووە، سانێ لە هەموو یانەیەک زیاتر ئارەزوو دەکات بچێتە ریزەکانی ئارسیناڵی ئینگلیزی، کە جگە لەوەی چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ داوای سانێ دەکەن، لە یانەکانی سعوودیە و ناپۆلی ئیتاڵیش ئۆفەری پێگەیشتووە.

کریستیان فاڵک رۆژنامەنووسی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، سانێ دوای مۆندیالی یانەکان بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات، بۆیە دەیەوێت تاوەکو دوای مۆندیالی یانەکان چاوەڕێ بکات، ئینجا یانەی داهاتووی خۆی دەستنیشان بکات، چونکە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە هێشتا موڵکی بایرن میونشنە و لەگەڵ یانەکە بەشداریی مۆندیالی یانەکان دەکات، بڕیاری داوە دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا ئینجا بڕیارەکەی ئاشکرا بکات.

بایرن میونشن ئۆفەرێکی پێشکەشی سانێ کردووە بۆ ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام لیرۆی ئۆفەرەکەی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت بچێتە پرێمەرلیگ، جگە لەو ئۆفەرە باڤارییەکان ئۆفەرێکی دیکەیان پێشکەشی یاریزانە 29 ساڵانەکە کردووە و داوایان لێی کردووە لە مۆندیالی یانەکان بە گرێبەستێکی کورتخایەن یاریی بۆ یانەکەیان بکات، کە مۆندیالی یانەکان رۆژی 14ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی 13ـی مانگی داهاتوو دەخایەنێت، لەکطیکدا رۆژی 30ـی ئەم مانگە گرێبەستی سانێ کۆتایی دێت.

لیرۆی سانێ هاوینی 2020 بەرامبەر 49 ملیۆن یۆرۆ لە مانچێستەر سیتییەوە پەیوەندی بە بایرن میونشن کرد و ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو یاریزانە 32 ملیۆن یۆرۆیە.

وەرزی رابردوو سانێ لەگەڵ بایرن لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 45 یاری 13 گۆڵ و 6 ئەسیستی بە درێسی باڤارییەکان کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button