دوایین پەرەسەندن؛ بۆڕووسیا دۆرتموند نرخی جەیمی گیتێنسی دیاریکرد

یاریگا –
بۆڕووسیا دۆرتموند دوای ئەوەی ئۆفەری دووەمی چێڵسی بۆ فرۆشتنی جەیمی گیتێنس رەتکردەوە، نرخی ئەو یاریزانە لاوە ئینگلیزییەی دەستنیشانکرد.
فلۆریان پلێتینبێرگ رۆژنامەنووسی ئەڵمانی لە کەناڵی سکای سپۆرتسی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، بۆرووسیا دۆرتموند لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە تواناکانی جەیمی گیتێنس یاریزانی لاوی بۆڕووسیا دۆرتموند داوای 65 ملیۆن یۆرۆ دەکات، لەکاتێکدا چێڵسی دوو ئۆفەری بە بڕی 35 ملیۆن یۆرۆ و 50 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی دۆرتموند کردبوو، بەڵام یانە ئەڵمانییەکە هەردوو ئۆفەرەکەی رەتکردووەتەوە.
🚨🆕 Borussia Dortmund are now demanding €65 million including bonuses for Jamie #Gittens!
Their second offer of €50 million was rejected as reported. Negotiations are ongoing. #CFC @SkySportDE 🏴 pic.twitter.com/gqU8mr7Pnj
— Florian Plettenberg (@Plettigoal) June 10, 2025
فلۆریان پلێتینبێرگ ئاشکرایکردووە، هەوڵەکانی چێڵسی بۆ گواستنەوەی گیتێنس بەردەوامن، ئەگەر ئەمڕۆش نەتوانێت ئەو یاریزانە بگوازێتەوە کە تەنیا سێ کاتژمێر ماوە وادەی گواستنەوەی یاریزانان دابخرێت، ئەوا دوای مۆندیالی یانەکان لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە 20 ساڵانە بەردەوام دەبێت.
پێشتر فابریس هاوکینس رۆژنامەنووسی فەڕەنسی رایگەیاندبوو، چێڵسی لەگەڵ جەیمی گیتێنس لەسەر بەندە کەسییەکان رێککەوتوون و ئەو یاریزانە لاوە ئینگلیزییە بۆ ماوەی حەفت ساڵ گرێبەست لەگەڵ بلووز واژۆ دەکات، بەڵام پێشتر دۆرتموند ئۆفەرێكی چێڵسی بە بڕی 35 ملیۆن یۆرۆ رەتکردووەتەوە و بلووز ئەمجارە ئۆفەرەکەی بۆ 50 ملیۆن یۆرۆ بەرزکردووەتەوە.
گیتێنس لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی 50 ملیۆن یۆرۆیە و وەرزی رابردوو ئەو یاریزانە ئینگلیزییە لەگەڵ دۆرتموند لە 48 یاری 12 گۆڵ و 5 ئەسیستی بۆ زەردەواڵەکان کرد.
جەیمی گیتێنس تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ بۆڕووسیا دۆرتموند هەیە و ساڵی 2020 بەب گرێبەستێکی ئازاد لە لاوانی مانچێستەر سیتییەوە پەیوەندی بە یانە ئەڵمانییەکە کرد.