بڕیارێکی گرنگی بەڕێوبەرانی ئارسیناڵ سەبارەت بە تیپی خانمانی یانەکەیان

یاریگا –
ئارسیناڵ سەرجەم یارییەکانی تیپی خانمان، لە پرێمەرلیگی خانمان لە یاریگای ئیمارات بەڕێوە دەبات.
رۆژنامەی ئاتلێتیکی بەریتانی ئاشکرایکردووە، ئارسیناڵ رایگەیاندووە، لە وەرزی داهاتووەوە سەرجەم یارییەکانی خانمان لە پرێمەرلیگی ئافرەتان لە یاریگای ئیمارات ئەنجامدەدرێن. ئەم گواستنەوەیەی یاریگایە هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ خانمانی ئارسیناڵ کە پێشتر زۆربەی یارییەکانی خۆیان لە یاریگای بچووکتری بۆریهاموود دەکرد، تەنیا چەند یارییەکی تایبەت لە ئیمارات بەڕێوە دەچوو. یاریگای ئیمارات کە توانای لەخۆگرتنی 60 هەزار و 704 کەسی هەیە، لە وەرزی 2025/2026ەوە دەبێتە یاریگای سەرەکی خانمانی ئارسیناڵ لە یارییەکانی سەرجدەم پاڵەوانەتییەکان.
وەرزی رابردوو تێکڕای ئامادەبووان لە یاریگای ئیمارات گەیشتە زیاتر لە 50 هەزار کەس، ئەمەش گەشەسەندنی بەرچاوی ئارەزووی هاندەرانە بۆ تۆپی پێی خانمان. ئەم هەنگاوە یارمەتی ئارسیناڵ دەدات ئەزموونێکی پیشەگەرانەتر و کوالیتی بەرزتر بۆ هاندەران و یاریزانان دابین بکات، هەروەها پابەندبوونی یانەکە بە پەرەپێدانی تۆپی پێی خانمان نیشان دەدات.
پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە هاندەری زیاتر بۆ خۆی رابکێشێت و یارمەتی بەهێزکردنی پێگەی تیپی خانمان ئارسیناڵ لە پرێمەرلیگی خانمان بدات.