تەواو؛ بارسێلۆنا لە نێوان دیاز و ویڵیامس خۆی یەکلاییکردەوە
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتڤیۆ دوایین زانیاریی ئاشکرا دەکات

یاریگا –
بارسێلۆنا لەسەر گواستنەوەی باڵێکی هێرشبەر سوورە و لە نێوان تەواوی بژاردەکان، خۆی یەکلاییکردووەتەوە.
تاوەکو ئێستا ئەوەی نیمچە فەرمی بێت، گواستنەوەی خوان گارسیا، گۆڵپارێزی ئیسپانیۆلە، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو، بارسێلۆنا بڕی 25 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی خەرج بکات.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، نەخشەی گواستنەوەکانی بارسێلۆنا نەگۆڕاوە و هیچ هیوایەک بۆ گواستنەوەی نیکۆ ویڵیامس، ئەستێرەی ئاتلێتیک بیلباو نییە.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، لویس دیاز، ئەستێرەی لیڤەرپوول، ئامانجی سەرەکی بارسێلۆنایە. گرێبەستی دیاز لە هاوینی ساڵی 2027 لە لیڤەرپوول بەسەردەچێت و لەدوا لێدوانیدا رەتنەکردەوە، گفتوگۆی لەگەڵ چەند یانەیەک کردووە، لە هەمان کاتدا، نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشی لە ئانفیڵد بەدوور نازانێت.
لیڤەرپوول پێویستی بە پارەیە، تاوەکو وەبەرهێنان لە گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی بایەر لیڤەرکوزندا بکات. بەهای ڤیرتز دەگاتە 130 بۆ 150 ملیۆن یۆرۆ، لەم مێرکاتۆیەشدا، لیڤەرپوول 40 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی جێرێمی فریمپۆنگ خەرجکردووە.