بەر لە دەستپێکی مۆندیالی یانەکان، فیفا رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە
داشکاندنی 84% لەسەر نرخی بلیتەکان!!!

یاریگا –
فیفا لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی جامی جیهانی یانەکاندا رووبەڕووی دووڕیانێکی گەورە بووەتەوە، ئەویش کەمی خواست لەسەر بلیتی یارییەکان، بەتایبەتی بۆ یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە.
ئەم پاڵەوانەتییە کە بڕیارە شەممەی داهاتوو لە یاریگای هارد رۆکی مەیامی لە نێوان ئینتەر مەیامی بەرامبەر ئەهلی میسری دەستپێبکات، بەهۆی فرۆشتنی بلیتەکانەوە کێشەی زۆری هەبووە. بەگوێڕەی هەواڵێکی رۆژنامەی ئاتلێتیک، لە کۆی 64 هەزار و 767 بلیتی یاریگاکە تا ئێستا کەمتر لە 25 هەزار بلیتی فرۆشراون. فیفا ناچار بووە نرخی بلیتی یاریی یەکەم بەڕێژەی لەسەدا 84 کەم بکاتەوە و لە 306 یۆرۆ (349 دۆلار)ەوە بۆ 50 یۆرۆ (55 دۆلار) دابەزێنێت.
فیفا لە 19ی کانوونی یەکەمی رابردووەوە بلیتەکانی خستووەتە بازاڕەوە، سێ جار نرخەکانی دابەزاندووە، دوایین کەمکردنەوەی بلیتەکان هەفتەی رابردوو و 10 رۆژ پێش پاڵەوانێتییەکە بوو. هەروەها رێکخراوەکە سیستەمێکی داینامیکی بۆ رێکخستنی نرخەکان بە پشتبەستن بە خواست و بەردەستبوونی بلیتەکان خستووەتە روو.
#FIFA rebaja en un 84% las entradas para el partido inaugural del #MundialdeClubes https://t.co/g3rAEPOjwv pic.twitter.com/x7v7P7HRWd
— Everardo Herrera (@alpiedeldeporte) June 9, 2025
نرخی بلیتەکانی شوێنی تایبەت (VVIP) 725 یۆرۆ بۆ 260 یۆرۆ و VIP) 525) یۆرۆ بۆ 125 یۆرۆ کەمکراونەتەوە. بەڵام هەزاران بلیت نەفرۆشراون و پێشوازی نەکردن لە یاریی یەکەمی ئەم پاڵەوانەتییە، نیگەرانییەکی جددییە بۆ رێکخەرانی یارییەکە.
بۆ تەواوی پاڵەوانێتییەکە کە 63 یاری و 3.6 ملیۆن بلیت لەخۆدەگرێت، تێکڕای نرخی بلیتی هەرزان لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە نێوان 30 بۆ 50 یۆرۆ و بلیتی ناوەڕاست لە نێوان 50 بۆ 100 یۆرۆ و کورسی باش لە نێوان 100 بۆ 250 یۆرۆیە. نرخەکان لە قۆناخی کۆتاییدا بەرز دەبنەوە: قۆناغی شازدە (70 بۆ 200 یۆرۆ)، قۆناخی چارەکی کۆتایی (265 بۆ 465 یۆرۆ)، قۆناخی پێش کۆتایی (500 بۆ 1000 یۆرۆ) و یاری کۆتایی لە 13ی تەمموز لە یاریگای مێتلایف لە نیوجرسی (840 بۆ 2100 یۆرۆ).
بەڵام بەهۆی خواستی کەمی هاندەرانی بۆ کڕینی بلیتی یارییەکان فیفا نرخی بلیتی قۆناخی پێش کۆتایی لە 460 یۆرۆوە بۆ 125 یۆرۆ و یاری کۆتاییش لە 1950 یۆرۆ بۆ 265 یۆرۆ کەمکردەوە، ئەمەش بۆ هاندانی کڕیاران.
فیفا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا، ئەرجەنتین، بەرازیل، مەکسیک، ئەڵمانیا و ژاپۆن زۆرترین ئارەزووی کڕینی بلیتیان نیشانداوە. ریال مەدرید و بۆکا جونیۆرز لە نێو هاندەرانی ئەمریکیدا زۆرترین خواستیان لەسەرە، یارییەکانی وەک بۆکا-بێنفیکا، بۆکا-بایرن، ریال مەدرید-هیلال، سالزبۆرگ-ریال مەدرید و فلۆمینێنس-چێلسی زۆرترین خواستیان لەسەرە.
جگە لە گرانی نرخی بلیتەکان و خواستی کەمی هاندەران، سیاسەتە توندەکانی ئیدارەی ترەمپ لە بواری کۆچبەریدا بەربەستێکی گەورەیە. ئەم سیاسەتانە وایکردووە زۆرێک لە هاندەرانی بیانی دوودڵ بن لە گەشتکردن بۆ 11 شارە میواندارەکە بەهۆی کێشەی ڤیزە. فیفا و حکومەتی ئەمریکا ئەم پاڵەوانێتییە وەک حاڵەتێکی تاقیکردنەوە بۆ مۆندیالی 2026 دەزانن، کە پێشبینی دەکرێت پێنج ملیۆن و نیو ئامادەی ئەم پاڵەوانەتییە بن.