وردەکاری ناکۆکی لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی چی بوو؟ بۆچی یاریزانان لە دژی وەستانەوە؟
کودەتا لە دژی لیڤا لە کەمپی مەشقی پۆڵەندا...

یاریگا –
بارودۆخی کەمپی هەڵبژاردەی پۆڵەندا بە دڵی لیڤاندۆڤسکی نییە و سەرجەم یاریزانەکان لە دژی وەستاونەتەوە و پاڵپشتی راهێنەرەکەیان دەکەن.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەر و ئەستێرەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی پۆڵەندا رایگەیاند کە جارێکی دیکە ئامادە نییە یاری بۆ هەڵبژاردەی پۆڵەندا بکات تاوەکوو مایکڵ پرۆبیێرز راهێنەر بێت. راهێنەرەکە قۆڵبەستی کاپتنی لە لیڤاندۆڤسکی سەندەوە و دوای ئەم کردەیە پێدەچێت گەڕانەوەی مەحاڵ بێت.
میدیاکانی پۆڵەندا باس لە کودەتای یاریزانان بەرامبەر هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا دەکەن و وردەکاریی ناکحکیەکانیان ئاشکرا کردووە. یاریزانانی هەڵبژاردەی پۆڵەندا پێشوازیان لە بڕیاری ستاندنەوەی قۆڵبەستی کاپتنی لە لیڤا کردووە و تەنانەت بە چەپلە سوپاسی پرۆبیێرزیان کردووە. ئەمەش تێکچوونی پەیوەندی لە نێوان گۆڵکارەکەی بارسێلۆنا و هاوڕێکانی لە هەڵبژاردە دەردەخات.
Biorąc pod uwagę okoliczności i utratę zaufania do selekcjonera Reprezentacji Polski postanowiłem do czasu kiedy jest trenerem zrezygnować z gry w Reprezentacji Polski. Mam nadzieję, że będzie dane mi jeszcze zagrać dla najlepszych kibiców na świecie. 🇵🇱
— Robert Lewandowski (@lewy_official) June 8, 2025
چیرۆکی جیاواز سەبارەت بەم ناکۆکیە دەبیسترێت، بەڵام رۆژنامەیەکی پۆڵەندی لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا وردەکاری ناکۆکیەکە روون دەکاتەوە و دەڵێت، ناکۆکییەکە لە کاتی کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی پۆڵەندا لە مانگی ئازاردا دەستی پێکردووە. لیڤاندۆڤسکی لە یارییەکەی بەرامبەر ماڵتا ئامادە نەبوو چونکە بارسێلۆنا سێ رۆژ دواتر یاریی هەبوو. بڕیارەکەی لە وڵاتدا کاردانەوەی نەرێنی لێکەوتەوە، بەڵام لەوەش خراپتر رەفتارەکانی بوو: دوای ئەوەی لە خولەکەکانی کۆتاییدا هاتە ناو یاریگا، لیڤاندۆڤسکی لە ژووری جلگۆڕین رەخنەی لە یاریزانان و راهێنەرەکە گرت کە ئاستیان بەپێی پێویست باش نەبووە. ئەم رەفتارە لەلایەن هەندێک یاریزانەکانەوە بە خۆبەزلزان وەسف کرا و ناکۆکییەکەی لێکەوتەوە.
لەو کاتەدا کێشەکە گەورو نەبوو، بەڵام ناڕەزایی بەرامبەر لیڤاندۆڤسکی زیادی کرد و لە بانگهێشتکرانی ئەم دواییەی بۆ هەڵبژاردەکەی گەیشتە لوتکە. لیڤاندۆڤسکی بڕیاریدا بۆ چەند یاری کۆتایی پشوو بدات، لەنێویاندا یارییە گرنگەکانی داهاتووی پۆڵەندا. ئەو بڕیارە نەک تەنیا لە ناو تیمەکە بەڵکو لەلایەن هاندەرانیشەوە رەخنەی لێگیرا.
لە بەرامبەردا پرۆبیێرز قۆڵبەستی کاپتنەکەی لێسەندەوە و دایە زیلینسکی. بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی یاریزانان پێش یەکەم یاری ئەم هەفتەیە لە هۆتێل کراون پلازا راگەیەندرا، و لەلایەن یاریزانانەوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا و هەمووان بە چەپڵە پشتگیری بڕیاری راهێنەرەکەیان کرد.
کەیسەکەی لیڤاندۆڤسکی مشتومڕێکی نیشتمانی لە پۆڵەندا بەدوای خۆیدا هێنا. پێدەچێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆڵەندا پاڵپشتی راهێنەرەکەیان بکات، چونکە ئەگەرنا زۆرینەی یاریزانەکانی لەدەست دەدات. لەلایەکی دیکەشەوە رەنگە جارێکی دیکە لیڤاندۆڤسکی بە درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی نەبینینەوە.