بایەر لیڤەرکوزن شوێنگرەوەی ڤیرتز دەستنیشان دەکات

یاریگا –
ئێریک تێنهاخ، داوای لە بەڕێوبەرانی بایەر لیڤەرکوزن کردووە تاوەکوو جاک گریلیش وەک شوێنگرەوەی فلۆریان ڤیرتز بگوازنەوە.
رۆژنامەی سەن ئاشکرای کردووە کە گریلیش قبووڵی کردووە مانچێستەرسیتی جێبهێڵێت و لیڤەرکوزنیش ئامادەیە بچێتە نێو کێبڕکێی گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە گواستنەوەی هاوینەدا.
دەگوترێت بەهای یاریزانە تەمەن 29 ساڵەکە نزیکەی 50 ملیۆن یۆرۆیە و ئێریک تێن هاخی راهێنەری پێشووی مانچێستەر یونایتد بە ئیدارەی لیڤەرکوزنی راگەیاندووە، گریلیش دەتوانێت جێگرەوەیەکی باش بێت بۆ فلۆریان ڤیرتز، کە دەگوترێت لە ژێر چاودێری لیڤەرپوولدایە و بڕیارە بەم نزیکانە پەیوەندی بە رێدز بکات.
گریلیش کە لە ساڵی 2021 لە ئاستۆن ڤێلاوە بە گرێبەستێکی 130 ملیۆن یۆرۆیی پەیوەندی بە سیتیەوە کرد، هەموو یارییەکانیش لە کورسی یەدەگەوە دەستپێدەکات. بەڵام هەریەکە لە نیوکاسڵ یونایتد و ئێڤەرتۆن و چەند یانەیەکی دیکەش ئارەزووی گواستنەوەی دەکەن.
گریلیش، یاریزانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کە لەم هاوینەدا لە پێکهاتەی مانچێستەر سیتی بۆ جامی جیهانی یانەکان دوورخراوەتەوە، کۆی گشتی 157 یاری لەگەڵ تیپەکەی کردووە و 17 گۆڵ و 23 ئەسیستی هەبووە.