فەرمی؛ ئینتەر میلان راهێنەری نوێی ناساند

یاریگا –
دوای ئەوەی یانەی کۆمۆ رەتیکردەوە گڵۆپی سەوز بۆ سیسک فابریگاس هەڵبکات و دەستبەرداری بێت، ئینتەر میلان بڕیاری دا کیڤۆ بکاتە راهێنەری یانەکەی.
ماڵپەڕی فەرمی ئینتەر میلان بڵاویکردووەتەوە، بەشێوەیەکی فەرمی لەگەڵ کریستیان کیڤۆ گەیشتوونەتە رێککەوتن و گرێبەستێکیان بۆ ماوەی دوو وەرز و تاوەکو هاوینی 2027 واژۆکردووە.
The start of a new chapter 📖#ForzaInter #WelcomeCristian pic.twitter.com/pRehWHgj6H
— Inter ⭐⭐ (@Inter_en) June 9, 2025
کریستیان کیڤۆ یاریزانی پێشووی ئینتەر میلانە و ماوەیەک راهێنەرایەتی تیپی لاوانی نێرادزۆری کردووە.
کیڤۆ (44 ساڵان) چوار مانگ لەمەوبەر ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی پارمای گرتە دەست و لە 13 یاری راهێنەرایەتی یانەکەی کرد و 3 بردنەوە و 7 یەکسان و 3 دۆڕانی بەدەستهێنا، کە ساڵی 2014 وازی لە یاریکردن هێنا و پێشتر لەگەڵ ئینتەر وەکو یاریزان نازناوی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە.
ئینتەر سەرەتا بڕیاریدا فابریگاس شوێنی سیمۆنی ئینزاگی راهێنەری پێشووی ئینتەر بگرێتەوە، بەڵام یانەی کۆمۆ رەتیکردەوە دەستبەرداری راهێنەرە ئیسپانییەکەی بێت، بۆیە ئینتەر بە ناچاری بڕیاریدا راهێنەرە رۆمانییەکە بۆ وەرزی داهاتوو بکاتە راهێنەری یانەکەی.