تەواو؛ ریال مەدرید لە یەکلایی کردنەوەی گرێبەستێک پێش مۆندیالی یانەکان شکستی هێنا

یاریگا –
ریال مەدرید لە یەکلایی کردنەوەی گرێبەستی ئالڤارۆ کارێراس بەرگریکاری بێنفیکا پێش مۆندیالی یانەکان شکستی هێنا، بەرگریکارە ئیسپانییەکە بۆ مۆندیالی یانەکان یاریی بۆ یانە پۆرتوگاڵییەکە دەکات.
ئالڤارۆ کارێراس بەرگریکاری بێنفیکا کە لە چوونی بۆ ریزەکانی ریال مەدرید نزیکە، بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان لەگەڵ شاندی بێنفیکا گەیشتە ئەمریکا، یانە پۆرتوگاڵییەکە ناوی ئەو بەرگریکارە ئیسپانییەی لە لیستی یاریزانەکانی بۆ مۆندیالی یانەکان ناونووس کردووە.
جۆسێپ پێدریرۆل پێشکەشکاری بەرنامەی ئێلچێرێنیتۆ ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید دوای مۆندیالی یانەکان نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی ئالڤارۆ کارێراس دەدات کە 50 ملیۆن یۆرۆیە، دوای مۆندیالی یانەکان ئەو یاریزانە پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات.
مێلچۆر رویز رۆژنامەنووسی ئیسپانی لە رادیۆی کادێنا کۆپی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کارێراس دوای مۆندیالی یانەکان پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید دەکات، لەو پاڵەوانێتییە لە ئەمریکا درێسی بێنفیکا دەپۆشێت، کە لە سەرەتاوە یانەکە پێداگیری لەسەر مانەوەی بەرگریکارەکە بۆ ئەو پاڵەوانێتییە دەکرد.
🎬🇺🇸#FIFACWC • #TakeItToTheWorld pic.twitter.com/WH4pVHykuH
— SL Benfica (@SLBenfica) June 9, 2025
لە 19ـی ئەم مانگەوە ریال مەدرید لەگەڵ یاریزانەکە لەسەر مەرجە کەسییەکان رێککەوتبوو، گرێبەستەکەی کارێراس لەگەڵ مێرێنگی بۆ ماوەی 5 وەرز دەبێت و یاریزانەکە لەو 5 وەرزە بڕی 9 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی گشتی وەردەگرێت.
کارێراس لە 2017 لە دێپۆرتێڤۆی ئیسپانی پەیوەندی بەتیپی لاوانی ریال مەدرید کردووە و تاوەکو 2020 لە لۆس بلانکۆس ماوەتەوە.
لە هاوینی 2020 پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کردووە، لە 2020 تاوەکو 2024 شەیتانە سوورەکان سێجار یاریزانەکەیان بەشێوەی خواستن بە پۆرتسمس، گرانادا و بێنفیکاداوە.
یانە پۆرتوگالییەکە لە هاوینی 2024 بەبڕی 6 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی کرد بە هەمیشەیی. تاوەکو هاوینی 2029 بە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بەبڕی 50 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ واژۆکرد.
ئالڤارۆ کارێراس بەدرێسی بێنفیکا بەشداریی 66 یاریی کردووە، 5 گۆڵی کردووە و 6 گۆڵیشی دروستکردووە. نازناوێکی جامی خولی پۆرتوگالی لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێناوە.