عەبدوڵا وەزان بارسێلۆنا بێهیوا دەکات و ریال مەدرید هەڵدەبژێرێت
ریال مەدرید جەنگێکی دیکەی مێرکاتۆ لە بارسێلۆنا دەباتەوە

یاریگا –
عەبدوڵا وەزان، ئەستێرەی لاوی یانەی ئەیاکس خۆی یەکلاییکردووەتەوە و بڕیاریداوە پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید پڕۆسەی گواستنەوەی عەبدوڵا وەزانی مەغریبی خێرا کردووە و دەیەوێت بەمزووانە گرێبەستەکە یەکلاییبکاتەوە.
وەزان وەکو ناوەڕاستکاری هێرشبەری و هێرشبەر یاریی دەکات و تەمەنی تەنیا 16 ساڵە. گرێبەستەکەی لەکۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ ئەیاکس بەسەردەچێت.
مارکا ئاماژەی بەوەشکردووە، بارسێلۆنا و چەند یانەیەکی دیکە هەوڵیانداوە گرێبەست لەگەڵ عەبدوڵا واژۆ بکەن، بەڵام ئەستێرە مەغریبییەکە تەنیا ریال مەدریدی ویستووە و بڕیاریداوە لە بێرنابیۆ یاریی بکات.
👀 Abdellah Ouazane o la estrategia de captar talento cada vez más joven https://t.co/VVim9noJCC
— MARCA (@marca) June 8, 2025
وەزان لە 15ی یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2009 لە دایک و باوکێکی مەغریبی لە ئەمستردام لەدایکبووە. یاریزانە هۆڵەندی-مەغریبییەکە کاروانی وەرزشی لەگەڵ یانەی زووبورگیا دەستپێکرد و ساڵی 2023 پەیوەندی بە ئەکادیمیای ئەیاکسەوە کرد.
ئێستا وەزان یاریزانی تیمی ژێر 17 ساڵانی ئەیاکسە و لەم وەرزەدا لە کۆی 13 یاریدا چوار گۆڵی کردووە.
وەزان هەڵگری وڵاتینامەی مەغریب و هۆڵەندایە و پێشتر بانگهێشتی هەڵبژاردەی ژێر 15 ساڵانی مەغریب و هۆڵەندا کراوە، دواتر وەزان حەزی خۆی بۆ یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی مەغریب یەکلاییکردەوە.
لە مارس/ئاداری 2025دا، وەزان بانگهێشتی هەڵبژاردەی ژێر 17 ساڵانی مەغریب بۆ بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کرا، وەزان بە باشترین یاریزانی پاڵەوانیەتییەکە دەستنیشانکرا.