
یاریگا –
دەنگۆی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ یانەیەکی پێشووی پەرەیسەندووە و راهێنەرەکەش لەو بارەیەوە بێدەنگی شکاند.
مۆرینیۆ زیاتر لە 20 ساڵە وەک راهێنەری پیشگەر دەرکەوتووە و لەکۆی ئەو ماوەیە سەرپەرشتی چەندین یانەی بەهێزی ئەوروپای کردووە. لە پۆرتۆی پۆرتوگالی تواناکانی خۆی پیشانی جیهان دا کاتێک توانی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2003/2004 بباتەوە. پاشان یانەی چێڵسی کرد بە ژمارەیەکی قورس لە کێبڕکێ ناوخۆیی و کیشوەریەکەدا. ئەوە پێش وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی ئینتەر میلان لە 2008-2010 کە توانی سیانە نازناوی وەرزەکەیان بۆ بباتەوە و تێیدا بردنەوەی چامپیۆنزلیگ کە نیرازوری 46 ساڵ بوو لێی بێبەشبووبوو.
لەدوای جیابوونەوەی سیمۆنی ئینزاگی کە چەند رۆژێکی کەم دوای شکستەکەی فیناڵی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر پاریس پۆستەکەی بەرەو هیلالی سعوودی جێهێشت، ناوی مۆرینیۆ یەکێک بوو لە دەنگۆیەکان. بەڵام لە نوێترین لێدوانیدا بۆ کۆریێری دێلۆسپۆرتی ئیتاڵی ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییەی ئێستای یانەی فەنەرباچێ لە زاری خۆیەوە دەنگۆیەکانی رەتکردەوە و وتی
ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن گوایە ئینتەر پەیوەندی پێوەکردووم راست نییە. درۆیەکی گەورەیە. هیچ جۆرە پەیوەندییەک بوونی نەبووە.
ئەوە جاری یەکەم نییە جۆزێ بە یەکێک لە یانەکانی پێشووی ناوی دەبەسترێتەوە. ئەو کە دوای قۆناخی ئینتەر، راهێنەرایەتی ریال مەدرید، جارێکیتر چێڵسی، مانچێستەر یونایتد، تۆتنهام و رۆمای ئیتاڵیشی وەرگرتووە پێش ئەوەی رووبکاتە تورکیا.
لە ماوەکانی رابردووشدا باس لە گەڕانەوەی دەکرا جارێک بۆ مانچێستەر یونایتد و جارێک بۆ تۆتنهام.