ئه‌وروپاگرنگترین

کێ شایستەی باڵۆن دۆرە؟ ئێمباپێ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەڵام دەدەنەوە

Yariga App

یاریگا –

لەبارەی بەربژێرەکانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، کیلیان ئێمباپێ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆچوونی خۆیان ئاشکرا دەکەن و بەربژێری خۆیان دەدرکێنن.

کیلیان ئێمباپێ کاپتنی هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەڵبژاردەکەی لەبارەی بەربژێری باڵۆن دۆری ئەمساڵ، دەڵێت :’لامین یامال و عوسمان دێمبێڵێ بەربژێرن بۆ باڵۆن دۆری ئەمساڵ، دەنگی من بۆ باڵۆن دۆر بۆ عوسمان دێمبێڵێ دەبێت، بە بڕوای من دێمبێڵێ شایستەی باڵۆن دۆری ئەمساڵە’.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ کە لەم ساڵانەی دوایی دەنگ بۆ خەڵاتەکە نادات و مافی دەنگدان بە یاریزانێکی دیکەی پۆرتوگاڵ دەدات، دەڵێت :’بە بۆچوونی من دەبێت باڵۆن دۆر بە یاریزانێک بدرێت نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەست هێنابێت، ناتوانم یاریزانێکی دیاریکراو هەڵبژێرم، بەڵام چەند بەربژێرێک هەن، وەکو لامین یامال و کیلیان ئێمباپێ و عوسمان دێمبێڵێ و ڤیتینیا’.

کریستیانۆ بۆچوونەکەی پێشووی خۆی دووپات کردەوە و گوتیشی :’وەکو پێشتریش گوتوومە، ئەم خەڵاتە بەهای جارانی خۆی لەدەست داوە’.

فڕانک ریبێری ئەستێرەی پێشووی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی فەڕەنسا کە ساڵی 2013 نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، بەڵام خەڵاتەکە بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ درا، لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام لە ستۆری لەبارەی لێدوانەکەی رۆناڵدۆ نووسیویەتی :’کەوایە پێویستە ببیتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ بۆ ئەوەی باڵۆن دۆر ببەیتەوە؟’.

گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ و رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی کە دووەم ساڵە بە هاوبەشی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا سەرپەرشتی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر دەکەن، رایانگەیاندووە رۆژی 22ـی سێپتێمبەر/ئەیلوولی 2025 رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر لە پاریس ساز دەکرێت.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا ئاشکرایکردووە، سەرەتای مانگی ئۆگێست/ئاب ناوی بەربژێرەکانی باڵۆن دۆری 2025 بڵاو دەکرێنەوە و رۆژی 22ـی سێپتێمبەر/ئەیلوول براوەی خەڵاتەکان ئاشکرا دەکرێن.

بابەتی زیاتر

Back to top button