ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

تەواو؛ لەبەر سێ هۆکار بارسێلۆنا گرێبەستی تێرشتیگن هەڵدەوەشێنێتەوە

بارسێلۆنا هۆشدارییەک بە گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە دەدات

Yariga App

یاریگا –

بارسێلۆنا بڕیاریداوە لەبەر سێ هۆکار گرێبەستی تێرشتیگن هەڵبوەشێنێتەوە و بەمزووانە یانەکە پێشنیازی خۆی بۆ گۆڵپارێزەکە بۆ چۆنییەتی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ.

رۆژنامەی سپۆرت ـی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا بڕیاریداوە گرێبەستی مارک ئاندرێ تێرشتیگن گۆڵپارێزی ئەڵمانی یانەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و پێشنیاز بکات مووچەی تەواوی وەرزی داهاتوو بە گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە بدات، بۆ ئەوەی شتیگن رازی بێت یانەکە بەجێبهێڵێت.

رۆژنامەی سپۆرت ئاشکراشیکردووە، بارسێلۆنا دوای گەڕانەوەی شتیگن لە هەڵب ژاردەی ئەڵمانیا هۆشدارییەکی پێدەدات، ئەگەر بیەوێت لە یانەکە بمێنێتەوە، ئەوا وەرزی داهاتوو یەک خولەکیش دەرفەتی یاریکردنی پێنادرێت.

رۆژنامەی سپۆرت ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی بارسێلۆنا لەبەر سێ هۆکار بڕیاریان داوە گرێبەستی تێرشتیگن هەڵبوەشێننەوە و دوای گواستنەوەی خوان گارسیا گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل و نوێکردنەوەی گرێبستی ڤۆیسیچ چێزنی، ئەو گۆڵپارێزە ئەڵمانییە بەڕێ بکەن، هۆکارەکان ئەمانەن:

یەکەم: لەوەتەی تێرشتیگن لە پێکانە قورسەکەی چاکبووەتەوە ئاستی دابەزیوە و ئاستی هونەری گۆڵپارێزەکە دابەزیوە و وەکو جاران نەماوە.

دووەم: بە رۆیشتنی تێرشتیگن، بارسێلۆنا مووچەیەکی زۆری لەکۆڵ دەبێتەوە و لە یاسای دارایی خاوێنی لالیگا بلاوگرانا فشاری لەسەر کەمتر دەبێتەوە، شتیگن ساڵانە لە بارسێلۆنا 6.3 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

سێیەم: هەڵسوکەوتی شتیگن لە ژووری جلگۆڕین بەمدواییانە قبووڵکراو نییە، بەتایبەتی لە کۆتایی ئەم وەرزە هەڵسوکەوتی لەگەڵ چێزنی خراپ بوو.

ڤیکتۆر ناڤارۆ لە رادیۆی کادێنا کۆپی ئیسپانی پێشتر ئاشکرایکردبوو، تێرشتیگن ئامادەیە بارسێلۆنا بەجێبهێڵێت، ئەگەر تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی مووچەکەی پێبدرێت، کە گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە سێ ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە و دەیەوێت تاوەکو هاوینی 2028 تەواوی مووچەکەی پێبدرێت.

پێشتر رۆژنامەی سپۆرت ـی کەتەلۆنی رایگەیاندبوو، مارک ئاندرێ تێرشتیگن لە دۆخی ئێستای لە یانەی بارسێلۆنا نیگەرانە، دەیەوێت لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەی کۆبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی خۆی لە یانەکە بکات، گەرچی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە بڕیاریداوە لە یانەکە بمێنێتەوە، بەڵام دەیەوێت لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەی کۆبێتەوە، ئینجا بڕیاری خۆی بدات.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە راشیگەیاندووە، کەسە نزیکەکانی تێرشتیگن گومانیان لەوە هەیە لەناو بارسێلۆنا کەسانێک هەن دژایەتی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە دەکەن و هەڵمەتێکیان دروستکردووە بۆ ئەوەی شتیگن لە پلانەکانی وەرزی داهاتووی یانەکە نەبێت.

بەهۆی ئەوەی بارسێلۆنا نزیکە خوان گارسیا گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل بباتە ریزەکانی، پێشبینی دەکرێت ئەو گۆڵپارێزە 24 ساڵانە وەرزی داهاتوو ببێتە گۆڵپارێزی ژمارە 1ـی یانە کەتەلۆنییەکە، ئەمەش شتیگنی نیگەران کردووە کە گۆڵپارێزە 33 ساڵانەکە تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا ماوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button