عەدنان درجال: بەڵێنم داوە سەرکەوتنی عێڕاق بۆ مۆندیال لە ئەستۆی منە

یاریگا –
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق بەڵێنی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێڕاق بۆ مۆندیالی 2026 دەدات.
لەگەڵ پەیامی پیرۆزبایی جەژنی قوربانی پیرۆز، عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق دوای شکستی هەڵبژاردەکە بەرامبەر کۆریای باشوور پەیامێکیشی بڵاوکردەوە، درجال لە پەیامەکەیدا دەڵێت عێڕاق سەردەکەوێت بۆ مۆندیال و ئەوە بەڵێنی منە بۆ عێڕاقیەکان.
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق زیاتر گوتی:
بەداخەوەم کە نەمانتوانی راستەوخۆ بگەینە مۆندیالی داهاتوو، بەڵام بە تەواوی باوەڕ بەخۆبوونەوە پێتان دەڵێم سەردەکەوین، لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو عێڕاق دەگاتە مۆندیال، ئەوە بەڵێنە لەلایەن منەوە بۆ سەرجەم گەلی عێڕاق، باوەڕی تەواوم بە راهێنەر و دەستەی راهێنەران هەیە کە ئەم دەسکەوتە بەدەست دەهێنن، لە مڕۆوە کارمان کردووە کە چۆن بتوانین 45 ملیۆن عێڕاقی دڵخۆش بکەین، ئەو قسانەشمان تەنها بۆ رازیکردنی عێڕاقیەکان نیە بەڵکو بەکردار جێبەجێی دەکەین.
بە فەرمی عێڕاق دوای شکستەکەی بەرامبەر کۆریای باشوور هیوای سەرکەوتنی بۆ مۆندیال بەشێوەی راستەوخۆ لەدەستدا، عێڕاق لە مانگی سێبتێمبەر لە پاشکۆی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 یاریی دەکات.