سەرۆکی کۆمۆ سەبارەت بە فابریگاس وەڵامی ئینتەر میلان دەداتەوە

یاریگا –
دانوستانەکانی نێوان ئینتەرمیلان و سێسک فابریگاس هێشتا بەردەوامن، بەڵام سەرۆکی کۆمۆ دووپاتیکردەوە فابریگاس یانەکەیان جێناهێڵێت.
ئینتەرمیلان هێشتا لە هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەی سیمۆن ئینزاگیدایە، کە بەم نزیکانە گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ هیلالی سعودی واژۆ دەکات، لەوێشەوە لاپەڕەیەکی نوێی ژیانی وەرزشی دەستپێدەکات.
بژاردەی یەکەم و پەسەندکراوی ئینتەرمیلان سێسک فابریگاسە، نێرازوریش هیوادارە گرێبەستەکە بە زووترین کات یەکلایی بکاتەوە. بەڵام کۆمۆ هیچ نیازێکی نییە دەستبەرداری راهێنەرە لاوەکەیان بێت.
میروان سوارسۆ، سەرۆکی کۆمۆ سەبارەت بە دەنگۆی رۆیشتنی راهێنەرەکەی کۆمۆ گوتی:
فابریگاس دەمێنێتەوە، پڕۆژەکەمان لە دەوری ئەو بنیات نراوە، رێگاکەمان درێژە، چەند وەرزێک بەردەوام دەبێت و هەموو شتێک لەگەڵ پلانەکانی ئەودایە، سێسک کۆمۆ بەجێناهێڵێت.
بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی نێوان کۆمۆ و فابریگاس، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتوو و ئەگەری ئۆفەرێکی ئینتەرمیلان بەڕێوە بچێت.
سەرەڕای ئەوەی فابریگاس بۆ بۆنەیەک لە لەندەن بووە، بەڵام تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک لەسەر کۆبوونەوەکە نەبووە و وا دیارە کۆبوونەوەکە دواخراوە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا سواسۆ دەرگای بەڕووی هەر گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن و لایپزیگ و رۆما داخست و ئێستا وا دیارە ئۆفەرەکەی میلانیشی رەت کردووەتەوە.
بەڵام سەرەڕای هەڵوێستی پتەوی کۆمۆ، پیێرۆ ئۆسیلۆ بەڕێوەبەری وەرزشی ئینتەرمیلان گەیشتە لەندەن و بڕیارە چاوی بە فابریگاس و بەرپرسانی باڵای کۆمۆ بکەوێت و هیوادارە سەرۆکی کۆمۆ رازی بکات.