بازاڕی گواستنه‌وه‌عێراقکوردستانگرنگترین

بەدواداچوونی یاریگا؛ زۆربەی یاریزانەکانی هەولێر بڕیاریان داوە یانەکەی قەڵاومنارە بەجێبهێڵن

٪80ـی یاریزانانی هەولێر بەهۆی ناسەقامگیری دەستەی کارگێڕی یانەکە بەجێدەهێڵن

Yariga App

یاریگا –

کۆچی ئەستێرەکانی یانەی هەولێر لەم هاوینە دەستپێدەکات، زۆربەی یاریزانەکانی یانەکە بەهۆی ناسەقامگیری کارگێڕیی یانەکە بڕیاریان داوە لە مێرکاتۆی هاوینە رووبکەنە یانەکانی دیکە.

تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، ٪80ـی یاریزانانی یانەی هەولێر بیر لە بەجێهێشتنی یانەکەیان دەکەنەوە، بە تایبەتی ئەو یاریزانانەی لەم هاوینە گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکەی قەڵاومنارە کۆتایی دێت، تەنانەت یوسف بن سۆدە زووتر یانەکە بەجێدەهێڵێت و چیدیکە یاریی بۆ یانەکەی پایتەخت ناکاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، بەهۆی ئەوەی هەولێر هیچ ئۆفەرێکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەش نەکردووە، یوسف بن سۆدە هێرشبەری توونسی ریزەکانی یانەکە بەجێدەهێڵێت، هێرشبەرە توونسییەکە لە دەرەوە چەند ئۆفەرێکی بۆ هاتووە و چەند رۆژێکە بەشداریی مەشق و راهێنانەکانی یانەکەی نەکردووە و بڕیاریداوە بەشداریی هیچ یارییەکی دیکەی یانەکە ناکات.

یوسف بن سۆدە لەم وەرزە بە 11 گۆڵ گۆڵکاری یەکەمی یانەی هەولێرە، شێرکۆ کەریم بە 9 گۆڵ و سەفین مەنسوڕ بە 4 گۆڵ پلەی دووەم و سێیەمی لیستی گۆڵکارانی زەردپۆشەکانیان گرتووە.

یوسف بن سۆدە دەبێتە شەشەمین یاریزانی پیشەگەر لەم وەرزە پێش کۆتایی هاتنی یارییەکان ریزەکانی هەولێر بەجێبهێڵێت، پێشتر هەریەکە لە هێلیۆ مۆنتێرۆ، هیگۆر ڤیدال، رێبین سولاقا، ئوسامە رەشید و عەباس یاسینیش یانەکەیان بەجێهێشتووە و ناگەڕێنەوە هەولێر.

بەگوێرەی زانیارییەکانی یاریگا، هەڵۆ فایەق بەرگریکاری یانەکە تەواو لە چوونی بۆ ریزەکانی شوڕتە نزیکبووەتەوە، یاریزانەکانی دیکەش لە ئێستاوە خەریکن یانەی داهاتوویان هەڵدەبژێرن، لەنێو ژووری جلگۆڕینی یانەی هەولێر زۆربەی یاریزانەکانی یانەکە باسی بەجێهێشتنی یانەکەیان کردووە، بەهۆی ناسەقامگیری لە دەستەی کارگێڕی بڕیاریان داوە لە ئێستاوە لەگەڵ یانەی دیکە گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەوەی لەم هاوینە یانەکەی قەڵاومنارە بەجێبهێڵن.

هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 33 یاری 13 بردنەوەی بەدەستهێناوە و 44 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی یازدەمی خولەکە دێت، کە یانەکەی قەڵاومنارە پێنج یاریی بەرامبەر دهۆک، نەورۆز، قوە جەوییە، کەرخ و نەفتی بەسرە ماوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button