بارسێلۆنا وەڵامێکی توندی یوێفا دەداتەوە
مەترسی لەسەر بەشداریکردنی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ هەیە

یاریگا –
بارسێلۆنا زۆر چاوەڕێی نەکرد و وەڵامێکی خێرا و توندی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا ‘یوێفا’ی دایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، رۆژنامەی تایمز لە راپۆرتێکی دارایی ورد بڵاویکردبووەوە، پێشتر یوێفا بارسێلۆنای بە 500 هەزار یۆرۆ سزادابوو، ئەمەش بەهۆی پێشکەشکردنی زانیاری هەڵە لەبارەی داهاتی فرۆشتنی 10%ی پشکەکانی مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی لە ساڵی 2022.
بارسێلۆنا پڕۆسەی فرۆشتنەکەی خستبووە ژێر تۆماری ”داهاتەکانی کارپێکردنی دیکە”، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە بارسێلۆنا کرد، خەرجییەکە بخاتە ژێر هاوپۆلی لەدەستدانی سامانی نامەعنەوی، ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی شایستەیی باشترکردنی دۆخی یانەکە بەگوێرەی یاساکانی یاریی خاوێن.
بارسێلۆنا جارێکی دیکە هەمان پڕۆسەی دووبارەکردەوە، کاتێک پشکی 15%ی مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی بەبڕی 400 ملیۆن یۆرۆ فرۆشت، ئەمەش ترسی لای یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا دروستکرد. بەهۆی دووبارەبوونەوەی پڕۆسەکە، ئێستا یوێفا خەریکە ئامادەکاری بۆ سزادانی توندی یانە ئیسپانییەکە دەکات.
وەڵامی بارسێلۆنا چییە؟
بارسێلۆنا دوای چەند کاتژمێرێک لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی راپۆرتەکەی رۆژنامەی تایمزی دایەوە.
یانەی بارسێلۆنا بەمدوواییە پڕۆسەی وردبینی دارایی تایبەت بە یوێفای تەواوکرد کە دوو ساڵ جارێک دەکرێت.
تاوەکو ئێستا یانەکە لە دەرەنجامی پێشبینییەکانی وردبینییەکە ئاگادارنەکراوەتەوە.
ناکۆکی سەرەکی لەسەر چۆنیەتی تۆمارکردنی هەندێک پڕۆسەی داراییە، یوێفا دەڵێت پڕۆسەکانی دارایی تایبەت کە بیرکارییانە پێی دەگوترێی نۆیێڵ، دەبێ وەکو داهاتی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەمەش پێچەوانەی بۆچوونەکانی لالیگایە، چونکە لالیگا ئەم پڕۆسانە بە پڕۆسەی داهاتی بەکاربردنی ئاسایی هەژمار دەکات.
یوێفا دەتوانێت چ سزایەک بەسەر بارسا بسەپێنێت؟
بەگوێرەی رۆژنامە بەریتانییەکە، یوێفا یانەکەی لە دووبارەکردنەوەی پێشێلکارییەکە ئاگادارکردووەتەوە و لەوانەیە یەکێک لەم سزایانەی خوارەوە بدرێت؛
- کەمکردنەوەی ژمارەی یاریزانانی بارسێلۆنا لە پاڵەوانیەتییەکانی ئەوروپا (ژمارەی یاریزانەکان بەراورد بە یانەکانی دیکە کەمتر دەبێت).
- سزایەکی دارایی هاوشێوەی سزای یەکەم بەبڕی 500 هەزار یۆرۆ.
- کەمکردنەوەی ژمارەی خاڵەکانی یانەکە بەر لەدەستپێکردنی پاڵەوانیەتییەکە.
سەپاندنی هەرجۆرە سزایەک، زیانێکی زۆر بە بارسێلۆنا دەگەیەنێت، چونکە یانەکە هەموو هەوڵێکی بۆ گەڕانەوەیە بۆ یانەکانی پێشەنگی کیشوەرەکە.
لێکۆڵینەوە لەگەڵ یانەکانی دیکە کراوە؟
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، یوێفا خەریکی لێکۆڵینەوەی وردی داراییە لەگەڵ چێڵسی و ئاستۆن ڤیلا، هەرچەندە پێشێلکارییەکانی هەردوو یانە ئینگلیزییەکە دووبارەنین، بۆیە پێشبینی سزایەکی کەمتریان لێدەکرێت و بارسا دەخاتە خانەیەکی جیاوازەوە.