ریال مەدرید هەنگاوێک لە راگەیاندنی گرێبەستی سێیەم بەرگریکار دوورە
دوای ئارنۆڵد و هاوسن، ئەمجارەیان کارێراس دەبێتە یاریزانی ریال مەدرید

یاریگا –
ریال مەدرید هەنگاوێک لە واژۆکردنی گرێبەستی کارێراس بەرگریکاری ئیسپانی دوورە، چاوەڕێ دەکرێت بە زووترین کات گرێبەستی ئەو بەرگریکارەی بێنفیکا رابگەیەنرێت و ببێتە سێیەمین بەرگریکار لەم هاوینە پەیوەندی بە ریزەکانی مێرەنگییەوە بکات.
رامۆن ئالڤارێز رۆژنامەنووسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، یانەی ریال مەدرید لە واژۆکردنی گرێبەستی ئالڤارۆ کاریڕاس نزیکبووەتەوە، ریال مەدرید لەم چەند رۆژەی دواییدا لە گفتوگۆیەکانی لەگەڵ بێنفیکا، بڕیاریداوە بڕی ئۆفەرەکەی بۆ یانە پۆرتوگاڵییەکە زیاد بکات، بۆ ئەوەی یانە پۆرتوگاڵییەکە رازی بێت پێش مۆندیالی یانەکان دەستبەرداری کارێراس بێت.
🚨El Real Madrid está a punto de poder oficializar el fichaje de Carreras.
En los últimos días se discutió sobre una cantidad extra que exigía Benfica para liberar al jugador antes del Mundial.
Desconozco todavía las cifras finales de la operación. pic.twitter.com/lGW57bZ3ky
— Ramón Álvarez de Mon (@Ramon_AlvarezMM) June 4, 2025
ریال مەدرید لەسەر داوای چابی ئاڵۆنسۆ دەیەوێت کارێراس بگوازێتەوە ریزەکانی، کە تاوەکو ئێستا مێرەنگی دوو بەرگریکاری دیکەی گواستووەتەوە ریزەکانی، ئەوانیش بریتین لە ئالێکساندەر ئارنۆڵد و دین هاوسن.
لەوەتەی رۆژی 19ـی مانگی رابردووەوە ریال مەدرید لەگەڵ کارێراس لەسەر مەرجە کەسییەکان رێککەوتووە، گرێبەستەکەی کارێراس لەگەڵ مێرێنگی بۆ ماوەی 5 وەرز دەبێت و یاریزانەکە لەو 5 وەرزە بڕی 9 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی گشتی وەردەگرێت.
کارێراس لە 2017 لە دێپۆرتێڤۆی ئیسپانی پەیوەندی بەتیپی لاوانی ریال مەدرید کردووە و تاوەکو 2020 لە لۆس بلانکۆس ماوەتەوە، لە هاوینی 2020 پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کردووە، لە 2020 تاوەکو 2024 شەیتانە سوورەکان سێجار یاریزانەکەیان بەشێوەی خواستن بە پۆرتسمس، گرانادا و بێنفیکا داوە، یانە پۆرتوگالییەکە لە هاوینی 2024 بەبڕی 6 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی کرد بە هەمیشەیی. تاوەکو هاوینی 2029 بە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بەبڕی 50 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ واژۆکرد.
ئالڤارۆ کارێراس بەدرێسی بێنفیکا بەشداریی 66 یاریی کردووە، 5 گۆڵی کردووە و 6 گۆڵیشی دروستکردووە. نازناوێکی جامی خولی پۆرتوگالی لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێناوە.