
یاریگا –
بڕۆنۆ فێرناندێش، کاپتنی مانچێستەر یونایتد، دەڵێت پاڵپشتی هاوژینەکەی، لە بڕیاری مانەوەی لە یانەکەی رۆڵێکی گەورەی هەبووە.
فێرناندێش گرێبەستێکی سێ ساڵەی بە بەهای 250 ملیۆن یۆرۆ لە هیلالی سعوودی پێگەیشت، بەڵام یاریزانەکە بڕیاریدا لە پرێمەرلیگ بمێنێتەوە. ئێستا فێرناندش هۆکاری مانەوەی ئاشکرا کرد کە پاڵپشتی نزیکترین کەسانی رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بڕیارەکەیدا.
کاپتنەکەی مانچێستەر یونایتد دەڵێت:
ئۆفەرێکی زۆر گەورە بوو، سەرسامی کەسایەتی سەرۆکی یانەکە بووم، هەرگیز باسی ئەو بڕە پارەیەمان نەکرد، بەڵام راوێژم لەگەڵ هاوژینەکەم و خێزانەکەم کرد و پرسیاری ئەوەی لێکردم کە ئامانجم چییە لە ژیانی وەرزشیمدا.
“هاوژینەکەم کەسێکە هەمووکات زۆر پاڵپشتم بووە، تەنانەت لە روانگەی خێزانیشەوە نەڕۆیشتنم بڕیارێکی قورس نەبوو، جواو کانسێلۆ لەوێ بوو، منداڵەکانم راهاتوون لەگەڵیدا یاری بکەن، ئێمە پەیوەندییەکی نزیکمان هەیە. بەڵام دەمەوێت لە بەرزترین ئاستدا بمێنمەوە، لە پێشبڕکێ گەورەکاندا یاری بکەم و هەست دەکەم توانای ئەوەم هەیە کە ئەو کارە بکەم”.
دوای ئەم لێدوانەی فێرناندێش هاندەرانی شەیانە سوورەکان بە کەسایەتی ئانا پینهپی هاوژینی کاپتنەکەیان سەرسام بوون و لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی پاڵپشتی دەکەن و بە پاڵەوانی ئۆلدترافۆڕد ناوی دەبەن.