دی یۆنگ گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە

یاریگا –
فرێنکی دی یۆنگ، ناوەڕاستکاری بارسێلۆنا، گرێبەستی بەڕێوبەری کارەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا خێراتر بکات.
لەگەڵ دەستپێکی گواستنەوەی هاوینە، بەرێوبەرانی بارسێلۆنا بخێرایی چارەسەری نوێکردنەوەی گرێبەستە لە پێسینەکان دەکەن، یەکێک لەوانە نوێکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگ.
یاریزانە هۆڵەندییەکە جارێکی دیکە خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنا جێگیرکرد، یانەکەش دەیەوێت گرێبەستەکەی درێژبکاتەوە. گرێبەستی ئێستای دی یۆنگ لەگەڵ بارسێلۆنا تا ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت، یانەکەش دەیەوێت بە زووترین کات گرێبەستەکە درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی یاریزانەکە دەرفەتی ئەوەی نەبێت لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا بێبەرامبەر جێیان بهێڵێت.
بەگوتەی رۆژنامەنووس جێرارد رۆمیرۆ، لاپەڕەیەکی نوێ لە داستانی نوێکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگ دەستیپێکردووە، کە رەنگە لە بەرژەوەندی بارسا کۆتایی بێت. بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، فرێنکی دی یۆنگ داوای لە پارێزەرەکەی کردووە گرێبەستەکەی لەگەڵ بەڕێوبەری کارەکانی عەلی دورسۆن هەڵبوەشێنێتەوە.
بڕیارەکە گرنگە، چونکە دورسۆن یەکێک بوو لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم درێژکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگ لە بارسێلۆنا. لە کاتێکدا خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکە پێشتر گڵۆپی سەوزی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە هەڵکردبوو، بەڵام تاکە بەربەستێک کە مابووەوە رێککەوتن بوو لەگەڵ بەڕێوبەری کارەکانی دی یۆنگ.
☎️ Frenkie de Jong ha pedido a su abogado que rescinda el contrato con el agente Ali Dursun, para acelerar la renovación del contrato con el Barça.
[Vía @gerardromero ] pic.twitter.com/4gWzIpAaoU
— Som I Serem FCB (@Somhiseremfcb) June 3, 2025
بەڵام دۆرسۆن دانوستانەکانی وەستاندووە و داوای مووچەیەکی زیاتر دەکات (لەبەر کۆمیسیۆنی خۆی). ئێستا وا دیارە دی یۆنگ خۆی لە هەڵسوکەوتی بەڕێوبەری کارەکانی بێزار بووە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی داوە، بڕیارێک کە دەتوانێت پرۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستی نێوان دی یۆنگ و بارسێلۆنا خێراتر بکات.
ئێستا بلاوگرانا ئامانجی ئەوەیە تا کۆتایی ئەم مانگە گرێبەستەکەی دی یۆنگ نوێ بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت سەرنجی لەسەر ئامانجەکانی تری گواستنەوەی یاریزانان بێت، لەنێویاندا هێرشبەرێکی نوێ.