ئامانجی سەرەکی بارسێلۆنا ‘بەڵێی’ ئۆفەرەکەی کرد
خەریکە بارسێلۆنا هەنگاو بە هەنگاو ئامانجەکانی دەگوازێتەوە

یاریگا –
خەریکە چیرۆکی یەکەم گواستنەوەی فەرمی بارسێلۆنا لە مێرکاتۆی هاوینە دەگاتە خاڵی کۆتایی.
دوای رێککەوتنی سەرەتایی نێوان نوێنەرانی بارسێلۆنا و خوان گارسیا، گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل، رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو گارسیا لەگەڵ خێزان و بەڕێوەبەری کارەکانی کۆبووەتەوە و بڕیاری کۆتاییاندا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە، گارسیا رەزامەندی خێزانەکەی وەرگرتووە و ئامادەیە پەیوەندی بە بارسێلۆنا بکات.
🚨 𝐍𝐎𝐓𝐈𝐂𝐈𝐀 𝐌𝐃 🚨
🔵🔴 ¡Joan Garcia da el ‘Sí’ al Barça!
✍️ @martinezferran | @RogerTorello https://t.co/C6TPx6Ttbp
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) June 4, 2025
هەنگاوی داهاتووی گواستنەوەکە پەیوەستە بە شکاندنی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی گارسیا کە بریتییە لە 25 ملیۆن یۆرۆ.
رۆژنامەکە نووسیویەتی؛
شەوی رابردوو گارسیا لە رێستورانتێکی بارسێلۆنا بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەکەی و خوانما لۆپێز، بەڕێوەبەری کارەکانی کۆبوونەوە. دوای گفتوگۆییەکی قوڵ، گارسیا رەزامەندی لەسەر پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا پیشاندا و پێی وایە بارسا باشترین بژاردەیە تاوەکو بەردەوامی بە کاروانی وەرزشییەکەی بدات.

هەنگاوی داهاتووی تەواوکردنی پڕۆسەی گواستنەوەکە بریتییە لە ئۆفەرێکی فەرمی بارسێلۆنا بۆ ئیسپانیۆل، بەڵام گۆڵپارێزەکە داوای گەرەنتی تەواویکردووە، کە ناوی لە لیستی یاریزانانی چامپیۆنزلیگ و لالیگا تۆمار دەکرێت و لەڕووی یاساییەوە هاوشێوەی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر بۆ دروست ناکرێت.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، کێشەیەکی دیکەی گواستنەوەی گارسیا بریتییە لە چۆنیەتی خەرجکردنی بڕی پارەی گواستنەوەکەیە، چونکە بارسێلۆنا دەیەوێت پارەی گواستنەوەکە هاوشێوەی یانەکانی دیکەی ئەوروپا بە قیست بدات، بەڵام ئیسپانیۆل داوای پارەی تەواو لە یەک خەرجیدا دەکات.