دوایین پەرەسەندن؛ ململانێی ریال مەدرید و پاریس بۆ گواستنەوەی ماستانتونۆ دەگاتە لووتکە
دوایین زانیاریی لەبارەی گرێبەستی بەهرەمەندە ئەرجەنتینییەکە..

یاریگا –
پاریس سانجێرمان لە کێبڕکێی گواستنەوەی فرانکۆ ماستانتونۆ هەنگاوێک پێش ریال مەدرید کەوتووە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی فرانکۆ ماستانتونۆ، ناوەڕاستکاری ریڤەر پلەیت چڕکردووەتەوە و دەیەوێت بەزووترین کات گرێبەستەکە یەکلایی بکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیسپانییەکە، پاریس سانجێرمان لە گواستنەوەی ماستانتونۆ نزیکبووەتەوە، لویس ئێنریکێی راهێنەری یانە فەڕەنسییەکە دووجار لەگەڵ بەهرەمەندە ئەرجەنتینییەکە قسەی کردووە و پڕۆژەی یانەکەی بۆ روونکردووەتەوە.
بۆیە ریال مەدرید کەوتووەتە خۆی و پەلە لە یەکلایی کردنەوەی گرێبەستەکە دەکات، ئێستا خونی کالافات سەرۆکی تیمی یاریزان دۆزەرەوەکانی ریال مەدرید لەسەر داوای سانتیاگۆ سۆلاری، بەڕێوبەری تۆپی پێی ریال مەدرید لە بوێنۆس ئایرێسە و گفتوگۆ لەگەڵ یانە ئەرجەنتینییەکە و کەمپی یاریزانەکە دەکات.

یاریزانە 17 ساڵانییەکە لەم وەرزە لە 19 یاریی 7 گۆڵی بۆ ریڤەر پلەیت کردووە و 4 گۆڵیشی دروستکردووە، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی سەرنجی زۆرینەی یانە گەورەکانی بۆخۆی راکێشاوە.
وەڵامی ریڤەر پلەیت بۆ هەموو یانەکان یەک شتە، یان دەبێت 40 ملیۆن یۆرۆ وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە بدەن یاخود باسی گواستنەوەی مەکەن و بەکەمتر لەو نرخە دەستبەرداری نابین.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاس، سۆلاری فشارێکی زۆری لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە کردووە تاوەکو گرێبەست لەگەڵ فرانکۆ ماستانتونۆ واژۆ بکەن و نایەوێت بەهرەمەندێکی بەتوانا لە بەرژەوەندی پاریس لەدەست بدەن.

پێرێز بە داواکەی سۆلاری رازی بووە و ئامادەن 40 ملیۆن یۆرۆ وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە پێشکەش بکەن، ئێستا بڕیاری کۆتایی لەدەست یاریزانەکەیە کە لەنێوان ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان کامیان هەڵدەبژێرێت.
ئاس ئاماژەی بەوەش کردووە، ماستانتونۆ نیازی نییە لەم هاوینە لە ریڤەر پلەیت بڕوات، بەڵکو دەیەوێت ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی تەواو بکات و لە مێرکاتۆی زستانە پەیوەندی بە یانەیەکی نوێ بکات.