
یاریگا –
ئینتەر میلان دەیەوێ هەرچی زووە پێش دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان لە ناوەراستی ئەم مانگە راهێنەری نوێ دەستنیشان بکات بۆ شوێنگرتنەوەی سیمۆنی ئینزاگی کە چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا رۆیشتنی ناوبراویان راگەیاند دوای 5 ساڵ کارکردن لەگەڵیان.
بەگوێرەی نوێترین زانیاریی کە جیانلوکا دی مارزیۆی ئیتاڵی بڵاویکردووەتەوە، کارگێڕی نێرازوری یەکەمین پەیوەندی راستەوخۆیان بە راهێنەرێکەوە ئەنجامداوە ئەویش سێسک فابریگاسی راهێنەری ئێستای کۆمۆیە.
دی مارزیۆ نووسیویەتی کە پێشتریش یانەکانی رۆمای هەمان وڵات و بایەر لیڤەرکۆزنی ئەڵمانی پەیوەندییان بە فابریگاسەوە کردووە بەڵام رەتیکردوونەتەوە بەوپێیەی کۆمۆ هەموو هەوڵێکی خۆی داوە تا لە یانەکەیان بیهێڵنەوە.
La situazione:https://t.co/BOwuPrsOpl
— Gianluca Di Marzio (@DiMarzio) June 3, 2025
لە درێژەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەنووسەدا هاتووە کە دەرفەتەکە سەرەنجی فابریگاسی راکێشاوە بەڵام هێشتا رۆشنایی سەوزی هەڵنەکردووە و لە هەڵسەنگندندایە. هەردوو لایەنیش بەمزووانە کۆدەبنەوە.
سەرسامبوونی یانەکانی ئەوروپا بە تواناکانی فابریگاس هەروا لەخۆڕا نییە، ناوبراو تەنها دوو ساڵە مۆڵەتی راهێنەرایەتی یوێفای وەرگرتووە کەچی توانی کۆمۆ بگەیەنێتە سێریائەی و، لە یەکەم وەرزیشیدا پلەی 10ی خولەکە مسۆگەر بکات.