
یاریگا –
مۆدریچ بە ‘بەڵێ’ وەڵامی ئۆفەرەکەی ئەیسی میلانی داوەتەوە و ئامادەیە پەیوەندیی بەو یانە ئیتاڵییەوە بکات.
رۆژنامەی ریپوبلیکا ـی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، لوکا مۆدریچ ناوەڕاستکاری کڕواتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی وەڵامی ئۆفەرەکەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی داوەتەوە و ئامادەیە دوای مۆندیالی یانەکان بە گرێبەستێکی ئازاد پەیوەندی بەو یانە ئیتاڵییە بکات.
مۆدریچ (39 ساڵان) گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی دێت و رۆیشتنی لە یانە ئیسپانییەکە لەدوای 13 ساڵ یەکلایی بووەتەوە، کە 28 نازناوی لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێناوە و شەشیان نازناوی چامپیۆنزلیگ بوون.
ئەیسی میلان بە راهێنەرایەتی ماسیمیلیانۆ ئەلێگری دەیەوێت خۆی بۆ وەرزی داهاتوو پتەو بکاتەوە، کە مۆدریچ لە منداڵییەوە خەونی بە یاریکردن لە ئەیسی میلان بینیوە و وێنەی منداڵی بە درێسی رۆسۆنێری هەیە، مۆدریچ و میلان دەستیان بە گفتوگۆ کردووە بۆ ئەوەی بۆ ماوەی ساڵێک گرێبەست واژۆ بکەن.
رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت ـی ئیتاڵی لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا، لە راپۆرتێکیدا باسی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی گرێبەستی لوکا مۆدریچ بۆ ئەیسی میلانی کردووە، ناوەڕاستکارە 39 ساڵانەکە دوای مۆندیالی یانەکان ئازاد دەبێت و دەتوانێت بە گرێبەستێکی سەربەست پەیوەندی بە هەر یانەیەکی دیکەوە بکات و رۆیشتنی لە ریال مەدرید یەکلایی بووەتەوە.
ئەیسی میلان دەیەوێت مۆدریچ بگوازێتەوە ریزەکانی؛ سوود و زیانەکانی ئەم گرێبەستە چی دەبن؟