ئیسپانیۆل بۆ خوان گارسیا: جگە لە بارسێلۆنا دەتوانی بچیتە هەر یانەیەکی دیکە

یاریگا –
ئیسپانیۆل فشار لەسەر خوان گارسیا دەکەن بۆ ئەوەی لە بڕیاری چوونی بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا پەشیمان بێتەوە، یانە کەتەلۆنییەکە بە راشکاوی بە گۆڵپارێزەکەیان گوتووە، دەتوانی بچیتە هەر یانەیەکی جیهان جگە لە بارسێلۆنا.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، لەوکاتەی هەمووان چاوەڕێ دەکەن خوان گارسیا واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا بکات و بەفەرمی گرێبەستەکەی رابگەیەنرێت، یانەی ئیسپانیۆل فشارەکانی لەسەر خوان گارسیا زیاد کردووە، بۆ ئەوەی لە چوونی بۆ ریزەکانی بلاوگرانا پەشیمان بێتەوە.
💥 El Espanyol advierte por Joan Garciahttps://t.co/OGI1uwk7k8
— Diario SPORT (@sport) June 3, 2025
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە ئاشکرایکردووە، تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان بارسێلۆنا و ئیسپانیۆل لەبارەی گواستنەوەی گارسیا نەکراوە، یانەی ئیسپانیۆل هیچ داوایەکی لە گۆڵپارێزەکەی یان لە بەڕێوەبەری کارەکانی گارسیاوە پێنەگەیشتووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆناوە بکات.
سپۆرت راشیگەیاندووە، ئیسپانیۆل پێشتر بە بەڕێوەبەری کارەکانی گارسیایان راگەیاندبوو، جگە لە بارسێلۆنا دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەکی دەرەوەی ئیسپانیا بکات، سەرەتاش خوان گارسیا بڕیاریدابوو نەچێتە بارسێلۆنا، بەڵام دواتر گۆڵپارێزەکە بڕیاری خۆی گۆڕی.
یانەی ئیسپانیۆل هەڵوێستی خۆی روونکردووەتەوە و بە بەڕێوەبەری کارەکانی گۆڵپارێزەکەی گوتووە، ئەگەر دەیەوێت گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، دەبێت خۆی بچێتە بارەگای کۆمەڵەی لالیگا و 25 ملیۆن یۆرۆ وەکو نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی و باجی سەرمایەکەی بدات، بۆ ئەوەی بەفەرمی نووسراوی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی گارسیا بە ئیسپانیۆل بگات.
یانەی ئیسپانیۆل دەیەوێت بە زووترین کات چارەنووسی گارسیا یەکلایی بێتەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر ئەو گۆڵپارێزە بڕوات بە پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی پێنج بۆ شەش یاریزانی نوێ بگوازێتەوە ریزەکانی و خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادە بکات، کە ئەم وەرزە لە لێواری دابەزین بۆ ریزی یانە پلە دووەکانی ئیسپانیا بوو.