ریال مەدرید گفتوگۆی بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی لاو دەستپێکردووە
گفتوگۆی سەرەتایی کراوە و ریال مەدرید بە گواستنەوەی گەشبینە

یاریگا –
ریال مەدرید جیا لە تۆکمەکردنی ریزەکانی بۆ مۆندیالی یانەکان، لەلایەکی دیکەوە کار لەسەر پڕۆژەی دوورمەودای یانەکە دەکات.
رۆدرا، رۆژنامەنووسی دیاری ئیسپانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید چاوی بڕیوەتە عەبدوڵا وەزان، ئەستێرەی لاوی مەغریبی و ئەیاکسی هۆڵەندی.
وەزان وەکو ناوەڕاستکاری هێرشبەری و هێرشبەر یاریی دەکات و تەمەنی تەنیا 16 ساڵە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسەکە بێت، ریال مەدرید و ئەیاکس گفتوگۆی سەرەتاییان دەستپێکردووە و گەشبینییەکی زۆر لەسەر گواستنەوەی ئەستێرە لاوەکە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ هەیە.
®️ El Real Madrid está muy interesado en una de las mayores joyas del Ajax: Abdellah Ouazane.
Interior/mediapunta marroquí de 16 años.
Ya ha habido contactos y hay mucho optimismo para que se cierre el fichaje
— Rodra (@Rodra10_97) June 2, 2025
وەزان لە 15ی یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2009 لە دایک و باوکێکی مەغریبی لە ئەمستردام لەدایکبووە. یاریزانە هۆڵەندی-مەغریبییەکە کاروانی وەرزشی لەگەڵ یانەی زووبورگیا دەستپێکرد و ساڵی 2023 پەیوەندی بە ئەکادیمیای ئەیاکسەوە کرد.
ئێستا وەزان یاریزانی تیمی ژێر 17 ساڵانی ئەیاکسە و لەم وەرزەدا لە کۆی 13 یاریدا چوار گۆڵی کردووە.
وەزان هەڵگری وڵاتینامەی مەغریب و هۆڵەندایە و پێشتر بانگهێشتی هەڵبژاردەی ژێر 15 ساڵانی مەغریب و هۆڵەندا کراوە، دواتر وەزان حەزی خۆی بۆ یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی مەغریب یەکلاییکردەوە.
لە مارس/ئاداری 2025دا، وەزان بانگهێشتی هەڵبژاردەی ژێر 17 ساڵانی مەغریب بۆ بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کرا، وەزان بە باشترین یاریزانی پاڵەوانیەتییەکە دەستنیشانکرا.