ئیتاڵیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەت

ئەیسی میلان دەیەوێت مۆدریچ بگوازێتەوە ریزەکانی؛ سوود و زیانەکانی ئەم گرێبەستە چی دەبن؟

رۆسۆنێری دەیەوێت خەونە لەمێژینەکەی مۆدریچ بهێنێتە دی

Yariga App

یاریگا –

ئەیسی میلان دەیەوێت سوود لە تەواوبوونی گرێبەستەکەی مۆدریچ لەگەڵ ریال مەدرید وەربگرێت و ئەو ناوەڕاستکارە کڕواتییە بباتە ریزەکانی، بەڵام لەناو ماڵی میلانێستاکان گفتوگۆ لەبارەی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی گرێبەستەکە دەکەن.

رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرت ـی ئیتاڵی لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا، لە راپۆرتێکیدا باسی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی گرێبەستی لوکا مۆدریچ بۆ ئەیسی میلانی کردووە، ناوەڕاستکارە 39 ساڵانەکە دوای مۆندیالی یانەکان ئازاد دەبێت و دەتوانێت بە گرێبەستێکی سەربەست پەیوەندی بە هەر یانەیەکی دیکەوە بکات و رۆیشتنی لە ریال مەدرید یەکلایی بووەتەوە.

Image

بەربەستەکانی چوونی مۆدریچ بۆ ئەیسی میلان چین؟

رۆژنامە ئیتاڵییەکە ئاشکرایکردووە، دوای سێ مانگی دیکە رۆژی 9ـی سێپتێمبەری ئەمساڵ تەمەنی لوکا مۆدریچ دەبێتە 40 ساڵ، مۆدریچی ئێستا ئەو مۆدریچە نییە کە ساڵی 2018 خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا، بۆیە پیربوونی ناوەڕاستکارە کڕواتییەکە یەکێکە لە لایەنە ئەرێنییەکانی گرێبەستەکەی.

مۆدریچ وەرزی رابردوو بەشداریی کەمتر لە نیوەی یارییەکانی ریال مەدریدی کرد و لە زۆربەی یارییەکان لەسەر کوکرسی یەدەکی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دادەنیشت، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لەکۆی 57 یاری تەنیا دوو هەزار و 864 خولەک یاریی کرد، 4 گۆڵ و 9 ئەسیستی کرد.

گەرچی میلان بژاردەیەکی باشە بۆ مۆدریچ، بەڵام یانە ئیتاڵییەکە وەرزی داهاتوو بەشداریی چامپیۆنزلیگ و هیچ خول و پاڵەوانێتییەکی ئەوروپی ناکات، دەبێت ناوەڕاستکارە کڕواتییەکە جامە گوێچکەدارەکە لەبیر بکات، لەکاتێکدا خاوەنی 6 نازناوی چامپیۆنزلیگە.

سوودەکانی گرێبەستەکەی مۆدریچ بۆ رۆسۆنێری چین؟

مۆدریچ لە منداڵییەوە خەون بە یاریکردن بۆ ئەیسی میلان دەبینێت و پێشتر وێنەیەکی منداڵی بە درێسی رۆسۆنێری بڵاوبووەتەوە، ئێستا ئەو ناوەڕاستکارە کڕواتییە دەیەوێت تاوەکو مۆندیالی 2026 پارێزگاریی لە توانای جەستەیی خۆی بکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بتوانێت بەشداریی مۆندیالی داهاتوو بکات.

ئیگلی تاری بەڕێوەبەری وەرزشی نوێێ ئەیسی میلان لەگەڵ ماسیمیلیانۆ ئەلێگری دەیانەوێت سوود لە مۆدریچ وەربگرن، ئەو ناوەڕاستکارە لە میلان فشاری زۆرتری لەسەر نابێت، چونکە وەرزی داهاتوو رۆسۆنێری تەنیا بەشداریی خول و جام و جامی سوپەری ئیتاڵیا دەکات و لوکا تەنیا لە سێ پاڵەوانێتی رکابەریی دەکات.

دوای ئەوەی ریال مەدرید رۆیشتنی مۆدریچی لە یانەکەی راگەیاند، کە لە ماوەی 13 ساڵ 28 نازناوی بە درێسی لۆس بلانکۆس بەرزکردەوە، ئێستا نرخی مۆدریچ لە بۆرسەی یاریزانان تەنیا 5 ملیۆن یۆرۆیە، بۆیە تێچووی گرێبەستکردن لەگەڵ ناوەڕاستکارە کڕواتییەکە بۆ وەرزی داهاتوو کەمتر لەسەر میلان دەوەستێت و داوای گرێبەستی گرانبەها لە میلان ناکات، کە یانەکە ناتوانێت گرێبەستی گەورە لەگەڵ یاریزانە سوپەرەکانی ئێستای جیهان واژۆ بکات.

گرێبەستی مۆدریچ لە رووی دەروونییەوە دڵی هاندەرانی یانەکە خۆش دەکات و یاریکردنی لوکا بۆ رۆسۆنێری پێگەی پێکهاتەی یانەکە لە ئیتاڵیا بەرزتر و بەهێزتر دەکات، کە ئەلێگری دەیەوێت لە ئێستاوە تیپێکی تۆکمە بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە بکات.

پێشتر ساڵی 2018 ئینتەر میلان هەوڵی دا مۆدریچ لە ریال مەدریدەوە بگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام ئەوکات یانە مەدریدییەکە دەستبەرداری براوەکەی باڵۆن دۆر نەبوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button