ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

سندووقی گواستنەوەکانی ریال مەدرید؛ کێ بڕیارەکان دەدات و چەند یاریزان دەگوازێتەوە؟

هەموو شتێک لەم راپۆرتە تێروتەسەلە لەبارەی ئامانجەکانی ریال مەدرید لە مێرکاتۆی هاوینە بزانە

Yariga App

یاریگا –

مێرکاتۆیەکی گەرمی یاریزانان چاوەڕێی ریال مەدریدە و چاوەڕێی گۆڕانکاری گەورە دەکرێت.

چابی ئاڵۆنسۆ شوێنی کارلۆ ئانچێلۆتی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەفەرمی گرێبەست لەگەڵ دین هاوسن و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد کراوە، لەوانەیە ئالڤارۆ کارێراس لە بێنفیکا بەر لە مۆندیالی یانەکان بگوازرێتەوە.

ریال مەدرید وەرزێکی تەواو بێ نازناوی بەڕێکردووە، بۆیە سەرنجی تەواوی لەسەر مۆندیالی یانەکانە، تاوەکو لەڕووی ماددی و مەعنەوی قازانج بکەن.


یەکەم پرێس کۆنفڕانسی چابی ئاڵۆنسۆ لەگەڵ ریال مەدرید

کێ لە مێرکاتۆی یاریزانان خاوەن بڕیارە؟

لە مەدرید، دوا بڕیار و گرنگترینەکان لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە دەدرێن، بەڵام هەندێک دەنگی کاریگەریش لەسەر سەرۆکەکە هەن.

هونی خالافەت (Juni Calafat)، بەرپرسی سەرەکی گواستنەوەی یاریزانی نوێیە لە ریال مەدرید. خالافەت بەرپرسی سەرەکی بووە لە گواستنەوەی ئەستێرەکانی وەکو ڤینیسیۆس جونیۆر، فێدێریکۆ ڤالڤێردی و جود بێڵینگهام.

خۆسێ ئانخێل سانچێز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ریال مەدرید بەرپرسە لە تەواوکردنی گفتوگۆکان و داخستیان. لەلایەکی دیکەوە سانتیاگۆ سۆلاری، بەڕێوەبەری تۆپی پێی یانەکە لە پڕۆسەی گواستنەوەکاندا هەیە، بەڵام رۆڵێکی باڵای نییە.

جیا لەم چوار کەسایەتییەی باسکران، چابی ئاڵۆنسۆ دەنگێکی بیستراوی لە گواستنەوەی یاریزاناندا دەبێت، چونکە ئەرکی سەرەکی ئاڵۆنسۆ، بەرەوپێشبردنی پێکهاتەی یانەکەیە.

سەرچاوەیەکی نێو دەستەی کارگێڕی بایەر لیڤەرکوزن بە تۆڕی ئاتلێتیکی راگەیاندووە؛

چابی ئاڵۆنسۆ رۆڵێکی باڵای لە رازیکردن و گواستنەوەی یاریزاناندا هەبووە، زۆربەی کات رووبەڕوو لەگەڵیان کۆدەبووەوە.

تاوەکو ئێستا ریال چیکردووە؟

مەدرید لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە خێرا جووڵەی کرد، چونکە مۆندیالی یانەکان لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەستپێدەکات و گۆڕانکارییەکان پێویستبوون.

هەفتەی رابردوو، مەدرید گواستنەوەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵدی لە لیڤەرپوول بەبڕی 11 ملیۆن دۆلار راگەیاند، هەرچەندە گرێبەستی یاریزانەکە لە کۆتایی ئەم مانگە بەسەردەچوو، بەڵام لە پێناو بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان، ریال مەدرید ناچاربوو بڕێک پارە خەرج بکات.

دانی کارڤاخال لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەهۆی پێکان لە یاریگاکان دوورکەوتبووەوە، ئێستا یاریزانەکە ئامادەیە و لەگەڵ ئارنۆڵد رکابەری لەسەر شوێنی سەرەکی پێکهاتەکە دەکەن.

مەدرید دین هاوسن، بەرگریکاری لاوی ئیسپانیای بەبڕی 50 ملیۆن پاوەند لە بۆرنمس گواستەوە. هاوسن بووە خاوەن بەرزترین گواستنەوە لە مێژووی بەرگریکارانی مەدرید. هاوسن دەبێتە زیادکردنێکی گەورە بۆ پێکهاتەی مەدرید شان بەشانی ئانتۆنیۆ رودیگەر، دەیڤد ئالابا و ئیدێر میلتاو.

دین هاوسن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا

ریال مەدرید کێی دیکەی دەوێت؟

لۆس بلانکۆس چاوی لە تەواوکردنی گواستنەوەی دوو یاریزانی دیکەیە، بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان.

ریال مەدرید لە گفتوگۆی چڕدایە لەگەڵ بێنفیکا، بەڵام تاوەکو ئێستا رەزامەندی لەسەر دەستبەرداربوون لە تواناکانی ئەستێرەکە نەداوە.

بێنفیکا داوای بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک، ریال مەدرید ناتوانێت بە ئاسانی گرێبەستەکە تەواو بکات، چونکە مانچێستەر یونایتد پشکی لە گواستنەوەکەدا هەیە و لەوانەیە پشکەکەی بگاتە 20 ملیۆن یۆرۆ، بۆیە بێنفیکا ئامادەنییە بە کەمتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری یاریزانە ئیسپانییەکە ببێت.

جیا لەمەش، بێنفیکا هاوشێوەی مەدرید بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکات و نایەوێت دەستبەرداری یەکێک لە باشترین یاریزانانی ببێت.

لە ئەگەری شکستهێنانی گواستنەوەی کارێراس، ریال مەدرید چەند بژاردەیەکی دیکەی وەکو ئالێخاندرۆ گریمالدۆ، بەرگریکاری باڵی چەپی بایەر لیڤەرکوزنی هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، ریال مەدرید بەچڕی کار لەسەر گواستنەوەی یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست دەکات، تاوەکو شوێنی لوکا مۆدریچ و تۆنی کروس بگرێتەوە.

ئامانجە سەرەکییەکانی مێرکاتۆ کێن؟

نیکۆ پاز، ئەستێرەی کۆمۆی ئیتاڵی، یەکێکە لەو ناوانەی زۆر باس لە گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید دەکرێت.

پازی 20 ساڵان، بەرهەمی ئەکادیمیای ریال مەدریدە و وەرزی رابردوو پەیوەندی بە کۆمۆ کرد، لەگەڵ سێسک فابرێگاس گەشەی تەواویکردووە و بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان مەدرید و کۆمۆ، یانە ئیسپانییەکە دەتوانێت بەبڕی 9 ملیۆن یۆرۆ جارێکی دیکە بەبێ رەزامەندی کۆمۆ، یاریزانەکە بگەڕێنێتەوە.

نیکۆ پاز لەگەڵ کۆمۆی ئیتاڵی

هەرچەندە کۆمۆ زۆر هەوڵی لابردنی ئەو بەندەی نێو گرێبەستەکەیدا، بەڵام ریال مەدرید لە سەپاندنی سووربوو. تاوەکو ئێستا بەرپرسانی مەدرید گفتوگۆیان لەگەڵ کۆمۆ و یاریزانەکە دەستپێنەکردووە، بەڵام پاز وەکو یەکێک لە ئامانجەکان دەمێنێتەوە.

ریال مەدرید دەستبەرداری کێ دەبێت؟

هەرچەندە ئاندرێ لونین گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2030 لە مەدرید نوێکردەوە، بەڵام یەکێکە لەو یاریزانانەی ئەگەری چوونە دەرەوەی بەهێزە.

بەر لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی رابردوودا، قسەی زۆر لەبارەی جێهێشتنی بێرنابیۆ کرا، بەڵام لەکۆتاییدا گرێبەستەکەی نوێکردەوە و بەشداری ژمارەیەک یارییکرد.

لونین بە بەرپرسانی یانەکەی راگەیاندووە، نیازی مانەوەی لە یانەکە هەیە، بەڵام داوای دەرفەتی زیاتری یارییکردنی کردووە.

فران گارسیا، یەکێکە لە یاریزانانی دڵخوازی ئاڵۆنسۆ، بەڵام گواستنەوەی یاریزانێکی وەکو کارێراس، بەشدارییەکانی گارسیا کەمدەکاتەوە. ئامانجی سەرەکی گارسیا مانەوەیە لە ریال مەدرید، بەڵام لەوانەیە مەدرید بیخاتە لیستی فرۆشراوەکان.

یانەکانی وەکو بۆرنمس لە نزیکەوە چاودێری یاریزانەکە دەکات، چونکە میلۆس کێرکێز، نزیکە لە جێهێشتنی یانەکەی پرێمەرلیگ.

مانەوەی گارسیا پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە فێرلاند مێندییەوە هەیە، چونکە گارسیا دەبێتە بژاردەی سێیەم و بڕیاری کۆتاییش لە دوای مۆندیالی یانەکان دەدرێت.

کەیسی رۆدریگۆ کەمێک ئاڵۆزە، ئەستێرە بەڕازیلییەکە بەشداری لە دوا یارییەکانی یانەکەی لە وەرزی رابردوودا نەکرد. مەدرید هیچ راپۆرتێکی پزیشکی وەکو بیانووی بەشداری نەکردنی بڵاونەکردەوە و ئەمەش گومانەکانی بوونی پەیوەندییەکی تەندروستی نێوان رۆدریگۆ و یانەکەی زیادکرد.

چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ دیارترینیان ئارسیناڵ، گرنگیان بە یاریزانەکە داوە و یاریزانەکەش بە تەواوی جێهێشتنی مەدریدی رەتنەکردووەتەوە. رۆدریگۆ دەیەوێت لەگەڵ ئاڵۆنسۆ کۆببێتەوە و هەموو شتەکان یەکلاییبکاتەوە، ئینجا دوا بڕیار دەدات.

هەریەکە لە لوکا مۆدریچ، لوکاس ڤازکێز و خێسوس ڤایێخۆ ریزەکانی مەدریدیان جێهێشتووە، هەرچەندە ڤازکێز بە فەرمی هیچ شتێکی بڵاونەکردووەتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button