یاریزانانی پرێمەرلیگ سەبارەت بە یارییە دۆستانەکان ناڕەزایی دەردەبڕن

یاریگا –
بەشێک لە یاریزانانی پرێمەرلیگ، سەبارەت بە گەشتە زۆرەکانی کۆتایی وەرز، نیگەرانی خۆیان لای یەکێتی یاریزانان دەربڕیوە.
ماها مۆلانگۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتی یاریزانان (PFA) رایگەیاندووە، یەکێتییەکە چەندین پەیوەندی لەلایەن یاریزانانەوە پێگەیشتووە کە “نیگەرانی” خۆیان سەبارەت بە بەشداریکردن لە گەشتە زۆرەکاندا دەربڕیوە.
ناڕەزایەتییەکان لە کاتێکدایە کە تیپەکانی وەک مانێچستەر یونایتد بۆ یارییە دۆستانەکان راستەوخۆ دوای کۆتا یارییان لە پرێمەرلیگ بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا لە 25ی ئایاردا گەشتیان کرد بۆ مالیزیا و هۆنگ کۆنگ، کە شەممەی رابردوو بۆ ئەنجامدانی دوو یاری هاتنە ئاسیا.
پێشووتریش تۆتنهام و نیوکاسڵ لە شاری مێلبۆرن لە ئوسترالیا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، ئەویش تەنیا سێ رۆژ دوای کۆتایی هاتنی وەرزی 2023-2024، هەروەها مانچێستەر سیتی لە ساڵانی رابردوودا بۆ یارییەکانی کۆتایی وەرز گەشتی بۆ کەنەدا و ئەمریکا کردووە.
بەگوێڕەی هەواڵێکی رۆژنامە گاردیان، گەشتەکەی ئەم دواییەی مانچێستەر یونایتد بۆ ئاسیا، سوودی هەشت ملیۆن پاوەندی بۆ یانەکەی هەبووە. بەڵام گەشتەکە بەهۆی کۆمەڵێک بابەتەوە ئاڵۆزی تێکەوت، لەوانە خراپی ئاست و رەخنە لە ئاماد دیالۆ و ئەلیخاندرۆ گارناچۆ بەهۆی هەڵسوکەوتی نەشیاو بەرامبەر هاندەران.
مۆلانگۆ لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی فیفرۆ لە میونشن، دانی بە پێویستی یانەکاندا ناوە بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی داهاتیان هەبێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە یاریزانەکان تادێت ناڕازین لە کەمبوونەوەی کاتی پشوودان کە بەهۆی یارییە دۆستانەکانی دەرەوەی وڵاتەوە پێیان دراوە. مولانگۆ گوتی:
پێموایە هەموومان ئاگادارین و لە هەندێک لە فشاری دارایی تێدەگەین کە یانەیەک پێیدا تێدەپەڕێت، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە یاریزانان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و ئێمەش وەکوو یەکێتی یاریزانن نیگەرانی دۆخی یاریزانانین.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:
تەنیا باسی مانچێستەر یونایتد ناکەم، قسە لەسەر ئەم دۆخە بەگشتی دەکەم و ئەمە بابەتێکی گشتگیرە و پێویستە جارێکی دیکە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، چونکە ئەگەر تەنیا هێرش بکەیتە سەر یەک رکابەرێکی دیاریکراو، ئەوا چارەسەری نابێت، دەبێت بتوانیت روانگەیەکی گشتگیرت هەبێت.
لە کاتێکدا گەشتەکانی کۆتایی وەرز بۆ تیپەکانی پریمەرلیگ تاڕادەیەک دەگمەنن، پاڵەوانێتییەکانی پێش وەرز لە ئاسیا و ئەمریکای باکوور بوونەتە دیاردە و بەناوبنگترین یانەکەان بۆ سوودی داریی بەشداری تێدا دەکەن.
بەشێک لە تیپەکان بەشداری یەکەمین جامی جیهانی یانەکان دەکەن، کە پاڵەوانێتییەکە بۆ ماوەی مانگێک لە ئەمریکا دەستپێدەکات، هەروەها چوار یانە – مانچێستەر یونایتد، ئێڤەرتۆن، بۆرنمۆس و وێستهام، لە زنجیرەی هاوینەی پرێمەرلیگ لە ئەمریکا لە نێوان 26ی تەمموز تا 3ی ئاب بەشداری دەکەن.
لیڤەرپوڵی پاڵەوانی وەرزی رابردوو لە هۆنگ کۆنگ و ژاپۆن یاری دۆستانە دەکات، ئارسیناڵ گەشت دەکات بۆ سەنگافور و هۆنگ کۆنگ، نیوکاسڵ و سپێرزیش لە کۆریای باشوور رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.