
یاریگا –
لە سعوودیە بەهۆی سکاڵایەکی یانەی وەحدە لەسەر یارییەکەی بەرامبەر نەسڕ لە گەڕی بیست و دووەمی خولی رۆشنی سعوودی، ناوەندی یەکلاکردنەوەی وەرزشی بڕیار دەدات کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بکات و یانەکەی یوسف ئەمینیش هەر لە ریزی یانە نایابەکان بمێنێتەوە و دانەبەزێتە ریزی یانە پلە یەکەکان.
رۆژنامەی وەتەنی سعوودی ئاشکرایکردووە، یانەی وەحدە کە یوسف ئەمین یاریزانی لاوی کورد یاریی بۆ دەکات، لە ناوەندی یەکلاکردنەوەی وەرزشی لە سعوودیە سکاڵای لەسەر یارییەکەی بەرامبەر نەسڕ تۆمارکردووە، گەرچی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی رۆشنی سعوودی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەحدە دەیەوێت بەم سکاڵایەی سێ خاڵی یارییەکەی نەسڕ بەدەست بهێنێت و بگەڕێتەوە ریزی یانە نایابەکان، کە سێ مانگ لەمەوبەر (25ـی فێبرایەری رابردوو) نەسڕ 2-0 ئەو یارییەی بردەوە.
مصادر الميدان: مركز التحكيم يمنح الوحدة الفوز على النصر
إدارة #الهلال تجتمع بـ إنزاغي خلال ساعات
وكيل مجرشي يكشف حقيقة رحيل اللاعب عن #الأهلي#الاتفاق يعلن رحيل 8 لاعبين رسميًا pic.twitter.com/Ve5XFLUujM
— الميدان الرياضي (@MidanAlYaum) June 1, 2025
یانەی وەحدەی سعوودی لەو ناوەندە یەکلاکەرەوەیە داوای سێ خاڵی یارییەکەی دەکات، چونکە پاسی شاندی نەسڕ لەو یارییە دواکەوتن و یارییەکە بەهۆی دواکەوتنی شاندی یانەی نەسڕ کاتژمێرێک دواخرا، بەڵام یانەی وەحدە رەتیدەکاتەوە هیچ هۆکارێکی رازیکار هەبێت بۆ دواکەوتنی شاندی یانەی نەسڕ، دواکەوتنەکەی نەسڕ بە کەمتەرخەمی یانەکە لێکدەداتەوە و داوای کردووە سەیری کامێرای چاودێری هۆتێلی مانەوەی نەسڕ و رێگای گەیشتنی شاندی یانەکە بۆ یاریگا بکرێتەوە.
رۆژنامەی مەیدانی ریازی لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاشکرایکردووە، ناوەندی ناوبژیوانی وەرزشی بڕیاری سەرکەوتنی وەحدە بەسەر نەسڕ دەدات، بەمەش وەحدە دەبێتە خاوەنی 36 خاڵ و دێتە پلەی پازدەمی خولەکە، ئەخدوود دادەبەزێتە پلەی شازدەمی ریزبەندی و هاوشانی عرووبە و رائید دادەبەزێتە ریزی یانە پلە یەکەکان، یوسف ئەمین و هاوڕێیەکانی دەگەڕێنەوە ریزی یانە نایابەکان.
سێ خاڵی یارییەکەی وەحدە و نەسڕ، نەک هەر یوسف ئەمین لە خولی رۆشنی سعوودی دەهێڵێتەوە، بەڵکو چارەنووسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێیەکانیشی دەگۆڕێت، نەسڕ سێ خاڵی لێ کەم دەکرێتەوە و دەبێتە خاوەنی 67 خاڵ و دەگەڕێتەوە پلەی چوارەمی ریزبەندی، قادسیە جێگای دەگرێتەوە و بە 70 خاڵ دەبێتە پلەی سێیەم، لەجیاتی ئەوەی بەشداریی چامپیۆنزلیگی ئاسیا 2 بکات، ناچار دەبێت بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بکات.

لە خولی رۆشنی سعوودی، هیلال و ئیتیحاد وەکو پلەی یەکەم و دووەم بەشداریی خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا دەکەن، خاوەنی پلەی سێیەم بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا 2 دەکات و پلەی چوارەمیش بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو دەکات.
ئەگەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەم هاوینە ریزەکانی نەسڕ بەجێنەهێڵێت، یانەکانی دهۆک و زاخۆ نزیکن بەشداریی وەرزی داهاتووی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بکەن، دهۆک وەکو پاڵەوانی وەشانی رابردوو و زاخۆش وەکو پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشداریی دەکات.
وەرزی رابردوو دهۆک وەکو نوێنەری عێراق بۆیەکەمجار لە مێژوودا بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی کرد و ئیتیفاقیش وەکو نوێنەری سعوودیە بەشداریی کرد، کە لە قۆناخی پێش کۆتایی دهۆک لە یاریی چوون و گەڕانەوە لە یانە سعوودییەکەی بردەوە و بۆیەکەمجار لە مێژوودا بووە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو.