فه‌ره‌نسا

پاریس گۆڕانکارییەک لە لۆگۆی یانەکەیاندا دەکات

Yariga App

یاریگا –

دوای ئەوەی پاریس سانجێرمان نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، پاریس بڕیاریدا لۆگۆی یانەکەیان بگۆڕێت.

دوای چواردە ساڵ کڕینەوەی پاریس سانجێرمان لەلایەن قەتەریەکانەوە و هەوڵەکانیان بۆ بوون بە پاڵەوانی ئەوڕوپا، دواجار چاوەڕوانییەکان کۆتایی هات، پاریس سانجێرمان یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگی شەوی شەممە لە میونشن بە ئەنجامێکی مێژووی بەرامبەر ئینتەرمیلان بەدەستهێنا. ئێستا لە دوای مارسیلیا لە ساڵی 1993ەوە کە وەکوو یەکەم یانەی فەڕەنسی چامپیۆنزلیگیان بردەوە، یانە پاریسیەکە دەتوانێت ئەستێرەیەک لەسەر لۆگۆی یانەکەیان زیاد بکات.

تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای سەرکەوتنەکە، فرۆشگا فەرمییەکانی یانەکە لە شانزیلیزێ و دەوروبەری پارک دۆ پرێنس درێسە نوێیەکەیان نمایش کرد. لە دیزاینە ناوازەکەیدا ئەستێرەیەکی زێڕین لە شێوەی تاوەری ئیڤڵدا هەیە کە دوو باڵی ناسکی بۆ دانراوە و بەشێوەی ئەستێرەیەک دەردەکەوێت.

وەڵامی هاندەران لە چاوەڕوانییەکان زیاتر بوو. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی لێکیپ، بەشێک لە هاندەران تا سێ کاتژمێر ریزیان گرتووە بۆ ئەوەی درێسە نوێیەکە بکڕن.

یاریزانانی پاریس سانجێرمان بڕیارە لە 15ی حوزەیران بۆ یەکەمجار ئەو درێسە مێژووییە، لە یارییەکەی جامی جیهانی یانەکان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بپۆشن.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە، بەپێچەوانەی هەندێک تێڕوانین، یوێفا مەرجێکی تایبەتی سەبارەت بە زیادکردنی ئەستێرەیەک دوای بردنەوەی پاڵەوانێتییەک نییە، بەڵام پاریس سانجێرمان بە ئیلهام وەرگرتن لە نەریتی تۆپی پێ، ئەم هێمایەی بۆ درێسەکەی زیاد کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button