بارسێلۆنا گرەو لەسەر گواستنەوەی یاریزانێک دەکات و چاوەڕێی دوا وەڵامە
لێدوانەکانی تێر شتیگن کاریگەری لەسەر بڕیاری بارسا نییە

یاریگا –
بارسێلۆنا دەستبەرداری بیرۆکەی گواستنەوەی خوان گارسیا، گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل نەبووە و یەک هەنگاو لە گواستنەوەی دوورە.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرت، ئەگەر هیچ شتێکی چاوەڕواننەکراو روونەدات، خوان گارسیا هەفتەی داهاتوو دەبێتە گۆڵپارێزی بارسێلۆنا، تێچووی گرێبەستەکە 25 ملیۆن یۆرۆیە و بۆ ماوەی 5 وەرز گرێبەستەکە واژۆ دەکرێت.
🔴 Noticia SPORT
✅ Principio de acuerdo Barça-Joan García: el fichaje, a punto
✍️ Albert Masnouhttps://t.co/AXKfA0rOnQ
— Diario SPORT (@sport) June 2, 2025
دوای لێدوانەکانی مارک ئاندرێ تێر شتیگن، گۆڵپارێزی بارسێلۆنا لەبارەی سووربوونی لەسەر مانەوە لە یانەکە، دەنگۆی پاشگەزبوونەوەی بارسێلۆنا لە گواستنەوەی گارسیا بڵاوبووەوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای لێدوانەکانی شتیگن، بارسێلۆنا زۆر لە گواستنەوەی گارسیا نزیکە و گفتوگۆکانی نێوانیان زۆر پێشکەوتووە، تەنیا رەزامەندی کۆتایی گۆڵپارێزەکە ماوە.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە گۆڵپارێزەکە بڵاویکردووەتەوە، گارسیا ئامادەیە رکابەری شتیگن بکات و لە بیرۆکەی گواستنەوەی بۆ بارسا پاشگەز نابێتەوە.
گارسیا سوورە لەسەر جێهێشتنی ئیسپانیۆل، ئەو لەلایەن چەندین یانەی پرێمەرلیگ بە تایبەتی ئاستۆن ڤیلا داواکراوە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بریتییە لە 25 ملیۆن یۆرۆ.
بارسێلۆنا بە گواستنەوەی گارسیا گەشبینە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، گۆڵپارێزە کاتالوونییەکە بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی خۆی بدات، بە تایبەت دوای بڕیاری شتیگن بە مانەوە لە یانەکە.
رادیۆی کاتالوونیا بڵاویکردووەتەوە، هانزی فلیک، راهێنەری یانەکە بە دروستبوونی رکابەری لە نێوان شتیگن و ڤۆیچێخ چێزنی و گارسیا دڵخۆشە، بەڵام یانەکە چاوەڕێی دوا وەڵامی گۆڵپارێزەکەیە.
گارسیا یەکێکە لە باشترین گۆڵپارێزەکانی ئێستای ئیسپانیا، لەم وەرزەی لالیگا خاوەنی زۆرترین بەرپەرچدانەوە بوو لە خولەکە، 146 جار بەرپەرچی هێرشەکانی دایەوە و یەکێک بوو لە هۆکارە کاریگەرەکان بۆ مانەوەی ئیسپانیۆل لە ریزی یانە پلە یەکەکان.
پێشتر رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرایکردبوو، جگە لە بارسێلۆنا هەریەکە لە یانەکانی ئارسیناڵ و ئاستۆن ڤیلا و بۆرنمۆسی ئینگلیزی و بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی ئۆفەریان پێشکەشی خوان گارسیا کردووە و دەیانەوێت ئەو گۆڵپارێزە بگوازنەوە ریزەکانیان، کە تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ ئیسپانیۆل هەیە.