ریال مەدرید و بارسێلۆنا ململانێ لەسەر یامالی نوێ دەکەن
PSG و ئاتلێتیکۆ مەدرید لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەستێرە لاوەکە دەکەن

یاریگا –
ریال مەدرید بەتوندی چووەتە نێو رکابەرییەکی بەدەستهێنانی واژۆی یاریزانێکی لاوی ئەرجەنتینی.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید چاوی لە دۆزینەوەی یاریزانێکی لاوی ئاست بەرزە، تاوەکو ببێتە کۆڵەکەی پڕۆژەی داهاتووی.
ریال مەدرید رکابەری یانەکانی پاریس سانجێرمان، ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا لەسەر بەدەستهێنانی واژۆی فڕانکۆ ماستانتونۆ، ئەستێرەی لاوی ریڤەر پلەیت دەکات، کە لە وڵاتەکەی بە لامین یامالی نوێ ناوزەند دەکرێت.
رۆژنامە ئیسپانییەکە روونیکردووەتەوە، ماستانتونۆ دەیەوێت یاریی بۆ ریال مەدرید بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا نە ئاتلێتیکۆ و نە ریال مەدرید هیچ ئۆفەرێکیان بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێشکەش نەکردووە.
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی ماستانتونۆ بریتییە لە 45 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام سانتیاگۆ سۆلاری، بەڕێوەبەری تۆپی پێی ریال مەدرید، پەیوەندی تۆکمەی لەگەڵ ریڤەر پلەیت هەیە و خۆی سەرپەرشتی پڕۆسەی گواستنەوەی ئەستێرەکە دەکات.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا چابی ئاڵۆنسۆ خۆی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە یەکلایینەکردووەتەوە، چونکە ریال مەدرید خاوەنی ئاردا گولەر و براهیم دیازە، بۆیە تێهەڵکێشکردنی یاریزانێکی لەمجۆرە، پێویستی بە رێکخستنەوەی هێڵی ناوەڕاستە.
رۆژنامەی ئاس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری نێو دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید ئاشکرایکردووە، مەدرید نایەوێت پەلە لە گواستنەوەی ماستانتونۆ بکات، لەوانەیە پڕۆسەی گواستنەوەی بۆ مانگی داهاتوو دوابخات.
ماتیاس پاتانیان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ریڤەر پلەیت دووپاتیکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەشی ماستانتونۆ نەکراوە.
بارسێلۆنا رکابەری چوار یانە لەسەر گەوهەرێکی ئەرجەنتینی دەکات
بارسێلۆنا یەکێکە لەو یانانەی لە نزیکەوە چاودێری ماستانتونۆ دەکات، بەڵام ئاتلێتیکۆ مەدرید شاندێکی بۆ هەڵسەنگاندنی یاریزانەکە ناردووەتە بوێنۆس ئایرێس، پایتەختی ئەرجەنتین.
تەمەنی ماستانتونۆ لە ئۆگەست/ئابی داهاتوو دەبێتە 18 ساڵ و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بریتییە لە 45 ملیۆن یۆرۆ، ئەگەر گواستنەوەکە رووبدات، دەبێتە گرانبەهاترینی مێژووی یانەکە.
خۆرخێ بریتۆ، سەرۆکی ریڤەر پلەیت بەرگەی فشاری فرۆشتنی ئەستێرەکە دەگرێت، چونکە بڕی 46 ملیۆن پاوەندی لە ساڵی رابردوو قازانج کردووە و ئاماژەکان بەرەو بەردەوامی یاریزانەکەن تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو.
ماستانتونۆ کە لە هێڵی ناوەڕاست یاریی دەکات، لە 11 یاریی ئەم وەرزەدا، سێ گۆڵ و سێ ئەسیستی کردووە.