ئۆپڕاسیۆنی شتێڵەر؛ ریال مەدرید کار لەسەر پڕکردنەوەی شوێنی تۆنی کروس دەکات
کاتی گواستنەوەی رۆدری دیاریکراوە..

یاریگا –
پاش گواستنەوەی ئالێکساندەر ئاڕنۆڵد و دین هاوسن و نزیکبوونەوە لە گواستنەوەی ئالڤارۆ کارێراس، ئێستا ریال مەدرید کار لەسەر گواستنەوەی ناوەڕاستکارێک دەکات.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ئێستا ریال مەدرید کار لەسەر پڕکردنەوەی شوێنی تۆنی کروس دەکات، ئەفسانە ئەڵمانییەکە دوای وازهێنانی بۆشاییەکی زۆری لەهێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید جێهێشتووە و کاریگەری خراپی لەسەر ئاستی تیپەکە دروستکردووە.
📰 Esta es la #PortadAS del 2 de junio
🇩🇪 Operación Stiller pic.twitter.com/PLOjxcaG9s
— Diario AS (@diarioas) June 1, 2025
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئیسپانییەکە، ئانجێلۆ شتێڵەر، ناوەڕاستکاری ئەڵمانی شتوتگارت بژاردەیەکی سەرەکی ریال مەدریدە، یانە ئەڵمانییەکە ئامادەیە بە 50 ملین یۆرۆ دەستبەرداری ببێت، یاریزانەکەش خەون بە پۆشینی درێسی ریال مەدرید دەبینێت.
شتێڵەر لە هاوینی 2023 بەبڕی 5.50 ملیۆن یۆرۆ لە هۆفێنهایمەوە پەیوەندی بە شتوتگارت کرد و تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی هەیە، بەڵام مەرجێک لە گرێبەستەکەی هەیە رێگەی دەدات لە 2026 بەبڕی 36 ملیۆن یۆرۆ یانەکەی جێبهێڵێت، شتوتگارت ئەگەر بیەوێت ئەو مەرجە بگۆڕێت پێویستە بەر لە 2026 بڕی 2 ملیۆن یۆرۆ بە یاریزانەکە بدات.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆنی کروس هەوادارێکی گەورەی شتێڵەرە، پێشنیاری بۆ پێرێز کردووە تاوەکو گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات، پێرێزیش رێزێکی زۆر لە کروس دەگرێت و پێشنیارەکەی بەهەند وەردەگرێت.

هاوکات بریکاری کارەکانی ئانجێلۆ، هەمان بریکاری کارەکانی تۆنی کروسە، بۆیە پەیوەندی پتەوەی کروس لەگەڵ هەردوولا کارئاسانی بۆ روودانی گواستنەوەکە دەکات.
ئاس ئاماژەی بەوەش کردووە، رۆدری ئیسپانی و ناوەڕاستکاری مانچێستەر سیتی یەکێکی دیکەیە لە بژاردەکانی ریال مەدرید، یانە ئیسپانییەکە هاوینی 2026 بەباشترین کات دەزانێت بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵیدا، بەڵام گواستنەوەی رۆدری کاریگەری لەسەر گواستنەوەی شتێڵەر نابێت و دوو ئۆپەڕاسیۆنی جیاواز دەبن.
ماڕتن زوبیمێندی ئیسپانیش یەکێکی دیکەی لە بژاردەکانی چابی ئاڵۆنسۆ، هەرچەندە ئارسیناڵ گرێبەستی ئەستێرە ئیسپانییەکەی یەکلاییکردووەتەوە، بەڵام مەدریدییەکان هێشتا هیوایان ماوە و بڕوایان وایە تاوەکو ئارسیناڵ بەفەرمی گرێبەستەکە رانەگەیەنێت، بژاردەی زوبیمێندی بەکراوەیی دەمێنێتەوە.
