فه‌ره‌نساگرنگترین

ئێنریکێ لە نێوان ئێمباپێ و دێمبێلێ باشترین هەڵدەبژێرێت

Yariga App

یاریگا –

لویس ئێنریکی گرەوی خۆی لە ئەستێرەکانی پێشووی پاریس سانجێرمان بردەوە کاتێک لە هاوینی 2023 پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی وەرگرت و سەرەتا لە بەڕێکردنی نێیمار دەستیپێکرد پێش گەیشتنی بە باخچەی شازادەکان و تا هاوینی رابردوو لە رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ بێباک بوو، تەنها بە هیوای ئەوەی تیمێک پێکەوەبنێت پلان و ئامۆژگارییە تاکتیکیەکانی جێبەجێ بکەن بۆ بەرژەوەندی گشتیی تیمەکە و دوورکەوتنەوەی یاریزانەکانی لە هەستی خودویستی. ئەوەشی رێک لە عوسمان دێمبێڵیدا دووریەوە کە لە یاریزانێکی کەمتەرخەمەوە کردی بە ناوێکی دیار و پاڵێوراو بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر.

ئێنریکی لەو راهێنەرانەیە کە باوەڕی بە کاری بەکۆمەڵ هەیە و لەو رووەشەوە زۆرترین خواستی لە هێرشبەرەکانیەتی کە بەرگریکردن لەو هێڵەوە دەستپێدەکات.

بەگوێرەی دۆکیومێنتارییەک کە لە سۆشیال مێدیای تەنیوە، ئێنریکی کاتێکی تایبەتی بۆ ئێمباپێ تەرخان کردووە و بەتەنها قسەی بۆ دەکات و رۆڵی بەرگریکردنی تێدەگەیەنێت، ئەرکی سەرکردەی راستەقینەی بۆ شیدەکایتەوە. وەک لە بەڵگەڤیدۆییەکەدا هاتووە؛ راهێنەرە ئیسپانییەکە بەم شێوە قسە بۆ کیلیانی یاریزانی پێشووی پاریس دەکات:

وەک ئەوەی کە بیستوومە تۆ بە مایکڵ جۆردان (ئەفسانەی تۆپی باسکەی ئەمریکی) سەرسامیت. مایکڵ جۆردان تۆپەکەی بۆ هاوڕێکانی دەگرت و ئینجا وەک وەحش بەگری لەگەڵ دەکردن. تۆش دەبێت ئەو نموونەیە لە خۆتدا جێبەجێ بکەیت چ وەک کەس چ وەک یاریزان. بەوەی کە دەبێت فشار بکەیت.

لە درێژەی قسەکانیدا ئێنریکی باس لە رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا دەکات و دەیەوێ کیلیان تێبگەیەنێت فشارکردن واتا چی

تۆ رووبەڕووی پاو کوبارسی دەبیتەوە. دەبێت تۆ ئەو کەسەبیت کە فشار بخەیتەسەر کوبارسی و تێرشتیگن. بەدرێژایی یارییەکە دەبێت فشار بخەیتەسەر کوبارسی و نەیەڵیت بێتەپێشەوە. فشاریش لە شتیگن بکە بۆ ئەوەی زوو تۆپەکە بکاتە یاریی و یەکسەریش بگەڕێیتەوە. بۆچی وا بکەیت؟ بۆ ئەوەی ببیت بە سەکردە. چونکە تۆ وا هەستدەکەیت دەبێت تەنها گۆڵ بکەیت. ئێ بێگومان، تۆ دیاردەیەکی جیهانییت، یاریزانێکی ئاستبەرزیت. ئێ بێگومان وایە، بەڵام ئەوە لای من ناخوات! سەرکردەی راستەقینە ئەوەیە کە ناتوانیت هاوکارییمان بکەیت لە گۆڵکردن. چونکە جارەکەیتر یاریزانی ئاستبەرز لەدژت بوون و نەتتوانی هاوکارییمان بکەیت، بەڵام لە هەموو روویەکیترەوە کە پەیوەستبوو بە ئەرکەکانی بەرگریکردنەوە تۆ کردت. بە هاوتیمەکانت لە هێڵی بەرگریی دەڵێی:

“کوڕینە، ئێوە هەرچوارتان بـمێننەوە، من دوو لە هاوتیمەکانم دەبەم بۆ بەرگریکردن لەپێشەوە.

ئەگەر تۆ عوسمان، یان کۆلۆ موانی یان بارکۆلا و رامۆسو یاخود ئەسێنسیۆ ببەیتەپێشەوە بۆ فشارکردن، دەزانیت ئێمە وەک چی واین؟ تیمێکی ئامێر شێوەمان لێ دورست دەبێت!

ئەوەش ئەوەیە لە تۆم دەوێت وەک سەرکردەیەک ئەنجامی بدەیت لێرە بۆ ئەو دوو مانگەی کە ماوتە.

لە کۆتا بەشی قسەکانیدا لویس داوا لە کیلیان تکا لە کیلیان دەکات ئەوەی پێی وتووە جێبەجێی بکات تا لە دەرگایەکی گەورەوە بەڕێی بکەن و دەڵێ

کیکی، من دەمەوێ تۆ لێرە لە دەرگایەکی مەزنەوە بڕۆیت.

بەبێ هیچ گومانێک دەبێ ئەوە بەدەستبهێنیت، نەک تەنها بە هێرشبردن، دەزانم لە هێرشبردندا باشیت و کەس وەک تۆ نییە، بەڵام ئەو کاتەی هێرش نابەیت دەبێت ببیتە باشترین یاریزانی مێژوو لە بەرگریکردندا. سەرکردەی راستەقینە ئاوایە ئەی مایکڵ جۆردان! باشە؟ روونە بۆت؟

کیلیان: بەڵێ، روونە.

ئێنریکی: دەی باشە سبەی چۆنیەتی هێرشبردنت بۆ شیدەکەمەوە.

دوای رۆیشتنی ئێمباپێ لە پاریس و پەیوەندیکردنی بە ریال مەدریدەوە، ئێنریکی نەیشاردەوە چەند ئەستەمە سەرپەرشتیکردنی یاریزانێک کە بە ئارەزووی خۆی لە یاریگادا بجووڵێت و لە چاوپێکەوتنێکدا وتی

هەبوونی یاریزانێک لە پێکهاتەکەدا کە کەی ویستی ئینجا بجووڵێت ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت من نەتوانم لە هەندێ کاتدا کۆنترۆڵم بەسەر یارییەکەدا هەبێت. وەرزی داهاتوو دەسەڵاتم بەسەر هەموو جووڵەی یاریزانەکانەوە دەبێت. هەموویان کۆنترۆڵ دەکەم.

چی دەربارەی دێمبێڵی؟

ئەوە بۆیە هەر لەدوای یارییەکەی ئینتەر ئێریکی وەسفێکی زۆری دێمبێڵی کرد، کە پەسنەکانی زیاتر خۆی لە لایەنی بەرگریی عوسماندا دەبینیەوە نەک ئەو دوو ئەسێستەی کە لە یارییەکەدا کردی. وەسفێک بەجۆرێک، ئێنریکی رای وابوو دەبێت هەر لەسەر ئەوە باڵۆن دۆر بدرێت بە یاریزانەکەی و وتی

من باڵۆن دۆر دەدەمە بەڕێز عوسمان. ئەو شێوازەی کە ئەمشەو بەرگریی دەکرد… تەنها ئەوەی بەسە کە شایستەی باڵۆن دۆربێت. ئەوەیە سەرکردایەتیکردنی تیم. گۆڵەکانی، نازناوەکانی، سەرکردایەتیکردنی، بەرگریکردنی و شێوازی فشارکردنی.

عوسمان پاڵێوراوەکەی منە بەبێ هیچ گومانێک.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button