عێراقگرنگترین

عێراق بۆ دوو یارییە چارەنووسسازەکەی لە پاڵاوتنی مۆندیال دوو یاریزانی لەدەست دا

Yariga App

یاریگا –

عێراق بۆ دوو یارییە چارەنووسسازەکەی لە پاڵاوتنی مۆندیال توانای دوو یاریزانی لەدەست دەدات.

مستەفا سەعدون بەرگریکاری یانەی قوە جەوییە و مونتەزر ماجد هێرشبەری هاماربی سویدی بەهۆی پێکانەوە لە دوو یاریی داهاتووی عێراق بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بێبەش دەبن.

مستەفا سەعدون لە مەشق و راهێنانەکانی دوێنێی هەڵبژاردەی عێراق لە بەسرە تووشی پێکان بوو. دوای پشکنینە پزیشکییەکان فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەو بەرگریکارە ناتوانێت لە دوو یارییەکەیان لە پاڵاوتنی مۆندیال ئامادە بێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بەنیازە لە نێوان حوسێن عەلی (هێرینڤین)، فرانس پوترس، یان ئەمیر سەباح (شوڕتە)، یان کازم رەعد (زەوڕا) بانگهێشت بکات، بۆ ئەوەی شوێنی مستەفا سەعدون بگرنەوە.

مونتەزر ماجد لەگەڵ یانەکەی لە سوید تووشی پێکان بووە و بەگوێرەی پشکنینە پزیشکییەکان دوو بۆ چوار هەفتە لە یاریکردن دادەبڕێت، بەمەش لە یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن بێبەش دەبێت، کە جگە لە مونتەرز ماجد و مستەفا سەعدون هەریەکە لە ئەیمەن حوسێن و رێبین سولاقا بەهۆی کارتی سوورەوە لە یاریی بەرامبەر کۆریا ئامادە نابن.

عێراق رۆژی پێنجشەممە لە بەسرە میوانداریی کۆریای باشوور دەکات و رۆژی 10ـی ئەم مانگەش دەبێتە میوانی ئوردن، ئەگەر هەردوو یارییەکە بباتەوە دەگاتە مۆندیالی 2026.

Back to top button