زیدان ئۆفەرێکی گەورەی سعوودییەکانی رەتکردەوە؛ هۆکارەکەی بزانە
زیزۆ خەونێکی گەورەی هەیە....

یاریگا –
زینەدین زیدان ئۆفەرێکی گەورەی سعوودییەکانی رەتکردووەتەوە و چاوەڕێی دەرفەتی گەیشتن خەونەکەی دەکات.
رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، یانەیەکی خولی رۆشنی سعوودیە ئۆفەرێکی بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی زیدان کردووە، بەڵام ئەفسانە فەڕەنسییەکە دەستبەجێ ئۆفەرەکەی رەتکردووەتەوە.
خەونی گەورەی زیدان وەرگرتنی ئەرکی مەشقی هەڵبژاردەی فەڕەنسایە، بەڵام تاوەکو دوای مۆندیالی 2026 بە خەونەکەی ناگات، چونکە دیدیێ دیشان تاوەکو دوای مۆندیال لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە.
زیدان پێشتر ئۆفەری یانەکانی وەکو مانچێستەر یونایتد، پاریس سانجێرمان و ئۆڵێمپیک مارسیلیای رەتکردووەتەوە، چونکە هیوای وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی فەڕەنسایە.
هیلال و نەسڕ ماوەیەکی بەدوای راهێنەری نوێ دەگەڕێن و بەگوێرەی لێکدانەوەکانی رۆژنامە فەڕەنسییەکە بێت، لەوانەیە یەکێک لەم دوو یانەیە ئۆفەرەکەی پێشکەشی زیزۆ کردبێت.
زیدان تەنیا راهێنەرایەتی ریال مەدرید کاستیا و تیمی یەکەمی ریال مەدریدی کردووە. زیزۆی پاڵەوانی جیهان لە دوو ساتی جیاوازدا راهێنەری ریال مەدرید بوو و سێ جار نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ بەدەستهێنا.