چانا؛ ئەو کچە 8 ساڵانەی ئێنریکی ناچارکرد پاریس بکاتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ
چیرۆکێکی خەمناک و وانەیەکی تایبەتی ژیانی لویس ئێنریکی

یاریگا –
دوای 10 ساڵ لویس ئێنریکی لەپێناوی کچەکەی نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنایەوە و هەموو جیهان باسی ”چانا’ـی کرد.
لویس ئێنریکی هەر لە سەرەتای ئەم وەرزەوە هەموو هەوڵێکی دەدا نازانوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە، نەک هەر لەبەر ئەوەی پاریس سانجێرمان پێشتر بەدەستی نەهێناوە، بەڵکو بۆ ئەوەی کچە 8 ساڵانەکەی بەبیری هەمووان بهێنێتەوە و یادی بکاتەوە، کە بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی لەدەست دا.
ئێنریکی سەرەتای ئەم وەرزە چی گوت و دوای بەجێگەیاندنی بەڵێنەکەشی چیان بۆی کرد؟
لویس ئێنریکی راهێنەری پاریس سانجێرمان لە یەکەمین کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ گوتی :’کچەکەم زۆر حەزی لە ئاهەنگگێڕان بوو، وێنەکەی خۆم لەبیرە کاتێک لەگەڵ بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگمان بەدەستهێنا، کچەکەم لە بەرلین ئاڵای کەتەلۆنیای لە ناوەڕاستی یاریگا چەقاند، دەمەوێت ئەمە لەگەڵ پاریس سانجێرمان دووبارە بکەمەوە’.
🎥 مترجم ~
لويس انريكي في أول مؤتمر لدوري الأبطال هذا الموسم مع باريس :
” ابنتي كانت تحب الاحتفالات كثيرًا ، أتذكر صورتي معها حينما غرست علم برشلونة بعد تحقيق الأبطال في برلين.
و أريد أن أكرر ذلك مع باريس سان جيرمان “.
– اليوم حقق اللقب مع باريس 🏆🥹 pic.twitter.com/yg1msjxsGN
— Abokr Omar (@Abokr10) May 31, 2025
دوای ئەوەی پاریس سانجێرمان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ 5-0 لە ئینتەر میلانی بردەوە و بۆیەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوان، دەستەی هاندەرانی پاریس سانجێرمان بانەرێکیان بەرزکردەوە کە وێنەی ئێنریکی و چانای لەسەر بوو، هاندەرەکانی پاریس هەمان دیمەنی 2015ـیان دووبارەکردبووەوە، بە درێسی پاریس چانا ئاڵای پاریس سانجێرمانی لە ناوەڕاستی یاریگا چەقاند.
ئێنریکی دوای ئەوەی نازناوەکەی چامپیۆنزلیگی بردەوە و ئاواتەکەی هاتەدی، تێشێرتێکی تایبەتی لەبەر کرد کە وێنەی چانای کچی لەسەر بوو، گوتی :’چانا هەمیشە لەگەڵمانە، هەموو رۆژێک ئەگەر ببەینەوە یان بشدۆڕێین، چانا لەگەڵ خێزانەکەی و هاوڕێیەکانیەتی، کاتێک مرۆڤ کەسێکی خۆش دەوێت، ئەو کەسە هەمیشە لەگەڵی دەمێنێتەوە’.
هەروەها ئێنریکی دەشڵێت :’ئەگەر چانا لێرە بووایە، دڵنیام ئێستا بەناو یاریگا رایدەکرد، هەرچەندە کەمێک تەمەنی گەورەتر دەبوو، دەبووە 9 ساڵ، بەڵام کێشە نییە’.
چانا کێیە؟
چانا مارتینێز کچی بچووکی لویس ئێنریکییە ساڵی 2009 لەدایکبووە، لە تەمەنی 8 ساڵی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو، پێنج مانگ دوای تووشبوونی بە شێرپەنجە گیانی لەدەست دا، کە ئەوکات ئێنریکی لەپێناوی کچەکەی وازی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا هێنا.
چانا ساڵی 2015 کاتێک ئێنریکی لەگەڵ بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، لە بەرلین لەناو یاریگا لەگەڵ باوکی ئاهەنگی سەرکەوتنی گێڕا، کچە بچووکەکەی ئێنریکی ئاڵای کەتەلۆنیای لە ناوەڕاستی یاریگاکە چەقاند و لەگەڵ باوکی گاڵتە و گەپی دەکرد، ئەو دیمەنانە دوای گیان لەدەستدانی چانا، بوونە ترێند.