
یاریگا –
هەینی رابردوو هەڵبژاردەی فەڕەنسا ئامادەکارییەکانی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنزلیگ دەستپێکرد.
فەڕەنسا لە قۆناخە هەستیارەکەدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتەوە، بەڵام دیدیێ دیشان، راهێنەری فەڕەنسا لە رەفتاری ریال مەدرید نیگەرانە.
بڕیارە سبەی دووشەممە، ئەو یاریزانانەی بەشدارییان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کردووە، پەیوەندی بە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی فەڕەنسا بکەن، جیا لەوانیش کیلیان ئێمباپێ و ئۆرێلیەن چوامینیش، سبەی دەگەنە سەنتەری مەشقەکان.
هەرچەندە ئێمباپێ و چوامینی هیچ ئەرکێکی فەرمییان نەبووە، بەڵام ریال مەدرید رێگەی نەداون زوو پەیوەندی بە هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە بکەن.
فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ 2ی ئەم مانگەی وەکو دوا وادەی پەیوەندیکردنی یاریزانانی یانەکان بە هەڵبژاردەکانیان کردووە، بەڵام ریال مەدرید بەهۆکاری جیاوازەوە، رێگەی بە چوونی ئێمباپێ و چوامینی تاوەکو وادەی دیاریکراو نەدا.
دیشان لەبارەی رێگرییەکانی ریال مەدرید بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند؛
کیلیان و چوامینی سبەی دەگەنە ئێرە، هەروەها حەفت یاریزانی بەشداربووی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، سبەی شەو دەگەنە سەنتەری مەشقەکان.
ئێمباپێ و چوامینی دەیانویست هەینی رابردوو پەیوەندیمان پێوە بکەن، بەڵام ریال مەدرید رێگریکردن و ئێمەش ناچاربووین تاوەکو وادەی فیفا بوەستین.
نامەوێت هیچ یاریزانێک لەگەڵ یانەکەی تووشی کێشە بکەم، کیلیان کاپتنی ئێمەیە و دەیەویست زوو لەگەڵ ئێمە بێت، بەڵام هەموو شتێک بەدەست ئێمە نییە.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی چابی ئاڵۆنسۆ و ئامادەکاری ریال مەدرید بۆ مۆندیالی یانەکان، ئێمباپێ و چوامینی ناچار بە مانەوە لە ڤالدێبێباس کران و سبەی بەشداری کەمپی مەشقی فەڕەنسا دەکەن.