بەهۆی پشێوییەکانی دوای بردنەوەی سانجێرمان؛ دوو کەس کوژران
پۆلیسی فەڕەنسا خەریکی لێکۆڵینەوەی وردە

یاریگا –
زیاتر لە 500 کەس لە دوای تەواوبوونی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ناوەڕاستی پاریس دەستبەسەرکران.
سانجێرمان یاریی کۆتایی 5-0 لە ئینتەر میلان بردەوە، هاندەرانی شازادەکانی پاریس رژانە سەر شەقامەکانی پاریس و تاوەکو بەرەبەیان ئاهەنگییانگێڕا، بەڵام لە هەمان کاتدا چەندین رووداوی پشێوی و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەی شانزیلیزێی پاریس روویاندا و دەیان قوربانی لێکەوتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی گرژییەکان دوو کەس کوژراون و پۆلیسی فەڕەنسا زیاتر لە 300 کەسی بە تۆمەتی نانەوەی پشێوی و دەستدرێژیکردنە سەر موڵکی گشتی و تایبەت دەستبەسەرکردووە.
نزیکەی 50 هەزار کەس لە نزیکە یاریگای پارک دۆ پرێنس سەیری یاریی کۆتاییانکرد و هەر لە دەوروبەری یاریگاکە، پشێوییەکان دەستیانپێکرد.
بەهۆی ئاژاوەگێڕییەوە، چەند ئۆتۆمبێلێک سووتێندران و زیانی ماددی بەر دەیان شوێنی بازرگانی گەیشتووە.
پۆلیسی فەڕەنسا زیاتر لە 5400 کارمەندی لە پاریس جێگیرکردبوو، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، نەیتوانی پێشگری لە پشێوییەکان بکات.
پۆلیسی فەڕەنسا لەبارەی دەستگیرکردنی نزیکەی 300 کەس روونیکردووەتەوە؛
ئاژاوەگێڕان لە شانزیلیزێ هەوڵی نانەوەی پشێوییاندا و لە هەندێ شوێن بە یاریی ئاگرین رووبەڕووی پۆلیس بوونەوە.
پۆلیس بە ئاوی سارد و هێزی رووبەڕووبوونەوەی ئاژاوەگێڕی هەوڵی رێگری لە روودانی پشێویدا، لە هەندێک شوێن گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.