تەواو؛ سەرۆکی ئینتەر میلان چارەنووسی ئینزاگی یەکلاییکردەوە
پەرەسەندنی خێرا لە یانە ئیتاڵییەکە روودەدەن

یاریگا –
دوای دۆڕانی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و لەدەستدانی سەرجەم نازناوەکانی وەرز، دەنگۆی جیابوونەوەی سیمۆنی ئینزاگی و ئینتەر میلان پەرەیسەندووە.
جوزێپی ماڕۆتا، سەرۆکی ئینتەر میلان لەدوای تەواوبوونی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، باسی لە چارەنووسی راهێنەرە ئیتاڵییەکە کرد، کە لەلایەن هیلالی سعوودی داواکراوە.
گرێبەستی سیمۆنی لە هاوینی ساڵی 2026 بەسەردەچێت و ماڕۆتا دووپاتیکردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوو بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسەکەی، لەگەڵ سیمۆنی کۆدەبنەوە.
مارۆتا لە لێدوانێکیدا روونیکردەوە؛
دۆڕانی یارییەکە کاریگەری لەسەر داهاتووی سیمۆنی نابێت، چونکە ساڵێک گرێبەستی لەگەڵ ئێمە ماوە و ئەم هەفتەیە کۆدەبینەوە.
ئەگەر حەز بە مانەوە بکات، ئەوا زۆر دڵخۆش دەبین، چونکە لە ماوەی رابردوودا رۆڵێکی سەرەکی لە بەرەوپێشبردنی یانەکە گێڕاوە.
ئێمە رانەهاتووین لە دوا ساڵی گرێبەست، رێگە بە چوونە دەرەوەی راهێنەران بدەین، بۆیە لەگەڵی کۆدەبینەوە و گوێی لێدەگرین. دووپاتیدەکەمەوە، ئێمە شانازی پێدەکەین و دەمانەوێت بەردەوام بین.
هیلال دەیەوێت بەزووترین کات لەگەڵ سیمۆنی بگاتە رێککەوتن، تاوەکو لە مۆندیالی یانەکان سەرکردایەتی یانەکە بکات.