ناسر خلێفی بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ کەناڵەکانی beIN SPORTS دەکاتە خۆڕایی؟
پاریس بۆیەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی ئەوروپا

یاریگا –
دوای بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، دەنگۆ هەیە ناسر خلێفی سەیرکردنی کەناڵەکانی بی ئین سپۆرتس بۆ ماوەی یەک ساڵ بکاتە خۆڕایی، کە ئەو کەناڵە قەتەڕییە زۆربەی خول و پاڵەوانێتییە وەرزشییەکانی جیهان پەخش دەکات.
دوای ئەوەی پاریس سانجێرمان گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە ئەگەر یانە فەرەنسییەکە ببێتە پاڵەوانی ئەوروپا، ناسر خلێفی سەرۆکی یانە فەرەنسییەکە کە لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەری کەناڵی بی ئین سپۆرتسە، بەڵێنی داوە سەیرکردنی گروپی کەناڵەکانی بۆ ماوەی ساڵێک بکاتە خۆڕایی.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئەم دەنگۆیە دوورە لە راستییەوە و ئەم هەواڵە ساختەیە لە سۆشیاڵ میدیا بەبێ هیچ بنەما و سەرچاوەیەک بڵاوکراوەتەوە، چونکە ئەمە یەکەمجار نییە ئەم هەواڵە ساختەیە بڵاو دەکرێتەوە، پێشتریش کاتێک پاریس گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2020 هەمان هەواڵی ساختە بڵاوکرایەوە، کە ئەوکات بایرن میونشن لەسەر ئەستۆی پاریس بووە پاڵەوانی ئەوروپا.
جگە لەوەی ناسر خلێفی سەرۆکی پاریس سانجێرمان و بی ئین سپۆرتس بەهیچ شێوەیەک بەڵێنی لەم شێوەیەی نەداوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و جیهان و زۆربەی دامەزراوە وەرزشییەکان رێگا بەوە نادەن بێبەرامبەر پەخشی یارییەکانیان بکرێت.
ناسر خلێفی لەوەتەی ساڵی 2011 سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسییە و زۆربەی پشکەکانی یانە فەڕەنسییەکەی کڕیوەتەوە، لەوەتەی ساڵی 2013 خاوەنداریی گروپی beIN Media دەکات و هەرخۆیشی ئەو گروپە میدیاییەی دامەزراندووە کە پێشتر بەشێک بوو لە کەناڵی جەزیرە.
یانەی پاریس سانجێرمان لەوەتەی ساڵی 1970 دامەزراوە و لەوەتەی ساڵی 2011 قەتەڕییەکان خاوەندارییەتی دەکەن و ئەمساڵ بۆیەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا.
گروپی beIN Media لەوەتەی ساڵی 2012 دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە قەتەڕە و ئەم گروپە میدیاییە یەکێکە لە بەهێزترین و کاریگەرترین گروپە میدیاییەکانی جیهان، جگە لە وڵاتانی عەرەبی، لە فەڕەنسا و تورکیا و ئەمریکا و ئیندۆنیزیا کار دەکات و مافی پەخشی زۆربەی خول و پاڵەوانێتییە وەرزشییەکانی کڕیوەتەوە.