
یاریگا –
فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی، ناوەڕاستکاری ریال مەدرید بەهۆی ئازاری پشتیەوە بەشداری لە کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای نەکرد و بڕیاریدا خۆی بۆ جامی جیهانی یانەکان لەگەل مەدرید ئامادە بکات.
فێدی ڤالڤێردی بەهۆیە ئازاری بەشی خوارەوەی پشتی، لە پاڵاوتنەکانی داهاتووی مۆندیالی 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆرۆگوایدا نابێت. بەگوێرەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، بڕیاری کۆتایی ئەوە بوو کە لە مەدرید بمێنێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرێت و بتوانێت بەشداری لە جامی جیهانی یانەکان بکات کە دوو هەفتەی تر دەست پێدەکات.
ڤاڵڤێردی وەرزێکی زۆر سەختی بەڕێ کرد، نزیکەی لە هەموو رکابەرییەکدا بۆ ریال مەدرید یاری کردووە، ئێستاش باجەکەی داوە بە پێکانێکی پشت کە بە ناوی زانستی (سیاتیک) ناسراوە، حاڵەتێک کە وایکردووە نەتوانێت وەرزەکە بە باشی کۆتایی پێبهێنێت.
لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر ریال سۆسیداد بوو کە فێدی هەستی بە ئازار کرد و یاریگای بەجێهێشت. دوای ئەوە پشکنینی پزیشکی بۆ کرا و ریال مەدرید لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:
“دوای ئەو پشکنینانەی تیمی پزیشکی یانەکەیان لەسەر بۆ ڤاڵڤێردی کردی، دەرکەوت کە تووشی لومبۆسیاتیکا بووە (دەمارێکی پشتی تاوەکوو پاژنەی پێ تووشی ئازا دەبێت)، چاودێری چاکبوونەوەی دەکرێت”.
بەڵام چاکبوونەوەی وەک چاوەڕوان دەکرا، نەڕۆیشت و ئەوەش شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە. ڤاڵڤێردی بەدرێژایی وەرز یاریزانێکی دڵسۆز بووە. لە کۆی 38 یاری لالیگا لە 36 یاریدا بەشداری کردووە و زیاتر لە 89٪ خولەکەکانی ئەم وەرزەی یاریی کردووە، ئێستاش ئەم پێکانە باجی ئەو قوربانییە.
لە کاتێکدا ئۆرۆگوای لە پلەی سێیەمی ریزبەندی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدایە و نزیکە بۆ مۆندیال سەر بکەوێت، ڤالڤێردی ناتوانێت یاوەری هەڵبژاردەکەی بکات.